هاوسەرۆکانی دەم پارتی بە مەبەستی دیدار لەگەڵ چەند زیندانییەک داواکاریی پێشکەش دەکەن
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی بۆ بینینی ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆک شارەوانی گەورەشاری ئەستەنبوڵ، پارێزەر کایە و چەندین سیاسەتمەداری زیندانیکراو، سەردانی وەزارەتی داد دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
هەریەکە لە تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، لەگەڵ محەمەد ڕوشتوو تریاکی یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتیی بۆ ئیدارە خۆجێیەکان بە مەبەستی بینینی چەندین زیندانیکرا و سەردانی وەزارەتی داد دەکەن بۆ پێشکەشكردنی داواکاری.
داواکارییەکە لە وەزارەتی داد بە مەبەستی بینینی سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی وان بەکر کایە، زیندانیکراوی دۆسییەی گازی و پەرلەمانتاری هاتای جان ئاتلای و زیندانی سیاسی خەلیل ئاکسۆی و ئەحمەد سایمادی دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٩ی ئاداری ئەمساڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ لەگەڵ ٩١ کەسی دیکە لەلایەن دادگای کۆماری ئەستەنبوڵەوە بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرچوو.
هەروەها لە ٢٣ی ئادار ئەکرەم ئیمامئۆغلو لەسەر دوو دۆسییەی بە ناوەکانی “گەندەڵی و ڕێککەوتنی شارەکان” ئیفادەی لێ وەرگیرا و دادگایی کرا، لە دۆسێیەی ڕێککەوتنی شارەکاندا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام لە دۆسێیەی گەندەڵییدا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.