بەرخۆدان لە ڕەنگەکانی تابلۆکانی ژنانی ئەفغانستان ستەمکاری تاڵیبان دەشکێنێت

لە نێوان سێبەری قورسی سنووردارکردن و ترسدا، ژنان لە ئەفغانستان لەسەر ڕووبەرە ڕەنگاوڕەنگەکان وەستاون و بە فڵچەکانیان نەک تەنها خەونە کەسییەکانیان بەرجەستە دەکەن، بەڵکو ئازار و هیوا و خەباتەکانی تەواوی نەوەیەکیش بەرجەستە دەکەن.

بەهاران لەهیب

 

غەزنی-هونەر هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکە و ناسنامەی تاک و دەستەکۆمەڵی لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا، لە ئەفغانستان سەرەڕای شەڕ و هەژاری و نایەکسانی، ژنانی هونەرمەند توانیویانە کەڵک لە وێنەکێشان و فۆتۆگرافی وەربگرن بۆ دەربڕینی دەنگی ناوەوەیان و بەرجەستەکردنی ڕاستی توند و هیوای شاراوەی ناو کۆمەڵگە.

 

کارە هونەریەکانی ژنانی ئەفغانستان لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی بەرخۆدان و خۆشەویستی و خواستە سەرکوتکراوەکان بوون، کە لە ڕەنگ و شێوە و هێماکاندا بەرجەستە بوون، لەگەڵ دروستبوونی دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەری لە دوای ساڵی ٢٠٠١، ژنانی ئەفغانستان هەلی چوونە ناو بواری هونەریان بە شێوەیەکی پیشەیی بەدەستهێنا.

 

لەو چوارچێوەیەدا ژنە هونەرمەندان لە کۆلێژەکانی هونەردا خوێندنیان وەرگرتووە، پێشانگایان ڕێکخستووە و تەنانەت هەندێک لە بەرهەمەکانیان لە دەرەوەی وڵاتیش ناسنامەیان وەرگرتووە، بۆ ئەوان هونەرە بینراوەکان وەک وێنەکێشان و فۆتۆگرافی تەنها ئامرازێک نەبوون بۆ داهێنان، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانە و دەربڕینی ناسنامەی مێینە و ڕێگەیەک بوو بۆ وەرگرتنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان.

 

بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، دۆخی هونەرمەندانی ژن گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردا هات، سنووردارکردنی توند بەسەر ژناندا سەپێندرا، نەک هەر ڕێگری لە خوێندن و کارکردنیان دەکرد، بەڵکو چالاکییە هونەریەکانیشیان سەرکوت دەکرا، زۆرێک لە ژنە نیگارکێشەکان ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن، هەندێک وەرشەی هونەری داخران، هەندێکی تریش لە ترسی تۆڵەسەندنەوە بەرهەمەکانیان شاردەوە یان وازیان لە هونەرەکەیان هێنا، لەژێر بارودۆخی ئێستادا تابلۆکانی ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی مەترسی بێدەنگکردن و نەهێشتنی تەواوەتی دەبنەوە.

 

سەرەڕای ئەوەش، ژنە هونەرمەندەکانی ئەفغانستان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، هەوڵدەدەن دەنگە بێدەنگەکانیان لە ڕێگەی شوێنی ئەلیکترۆنی و گەلەرییە هونەرییە ئۆنلاینەکان و تۆڕە ژێرزەمینییەکانەوە بەرز بکەنەوە، هونەر لای ئەوان زمانی بەرەنگارییە، ئامرازێکە بۆ پاراستنی شوناسی کولتووری و تاکەکەسی خۆیان و جۆرێکە لە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ بەرامبەر بە نادادپەروەری هەستپێکراوی، لەم هەلومەرجەدا وێنەکێشان و نیگارکێشان ئیتر تەنیا چالاکیی هونەری نین، بەڵکو بەرجەستەکردنی خۆڕاگری و هیوای داهاتوویەکی گەشاوەترن.

 

سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی، فرشتە فەرهان، یەکێک لە مامۆستایانی هونەری پێشانگای هاشیا ڕایگەیاند، نزیکەی چوار ساڵە خەریکی نیگارکێشانم، دوو ساڵ لەمەوبەر قۆناغی ئامادەیی تەواوم کردووە  چەندین چالاکی کۆمەڵایەتیم هەیە، مامۆستای هونەرم و ئەم هونەرە دەڵێمەوە، ئەمە جگە لە کارەکانم وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە هەندێک خولدا.

 

فرشتە فەرهان خولیای خۆی بۆ نیگارکێشان دەربڕی، نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستم بە نیگارکێشان کردووە، لە منداڵیدا هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم هونەرە نەبوو و بێ ئاگا بووم، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونمدا خولیای ناوەوەم دۆزیەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پراکتیزەکردنی نیگارکێشیدا، حەز و ئارەزووم زیاتر و زیاتر پەرەی سەند، بۆیە هەوڵدەدەم هونەرمەندێکی سەرکەوتوو بم، توانیم خەونەکەم بەدی بهێنم و چەندین بەرهەم دروست بکەم کە نمایشم کرد.

 

سەرەڕای هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ بێدەنگکردنی ژنە هونەرمەندان، دەنگەکانیان لە ڕێگەی ڕەنگ و شێوە و وێنەوە بە زیندووی دەمێننەوە، زۆر لە دەرەوەی سنوورەکان دەنگ دەدەنەوە.

 

ژنانی وەک فرشتە فەرهان سەلماندوویانە کە هونەر تەنانەت لە سەختترین ڕۆژەکانیشدا دەتوانێت ڕووناکییەک بێت بۆ مانەوە و خۆڕاگری و بنیاتنانەوەی ناسنامە، تابلۆکانیان شاهیدی ئەوەن کە دەنگی ژنانی ئەفغانی بۆ هەمیشە بێدەنگ ناکرێت، فڵچەکە لە هەر شوێنێک بجوڵێت، هیوا بەردەوامە لە هەناسەدان.