لیژنەی نۆبڵ داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات نێرگس محەمەدی ئازاد بکات
لیژنەی نۆبڵی ئاشتی داوای لە ڕژێمی ئێران کرد دەستبەجێ نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ ئازاد بکات، ئەمەش دوای سزای نوێی زیاتر لە حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی" و "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ".
ناوەندی هەواڵ
لە نێوان پەرەسەندنی ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سزای نوێی زیندانی کە بەسەر نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤدا سەپێندرا، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاپۆرتانەی کە پشتڕاستی دەکەنەوە کە تووشی دەستدرێژی جەستەیی و چارەسەری مەترسیدار بۆ سەر ژیانی بووە.
لێژنەی نۆبڵی نەرویج لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ١٢ی شوبات بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، کە نێرگس محەمەدی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، سزای دڕندانە و بێڕێزکەری بەسەردا سەپێنراوە و دۆسیەکەی نموونەیەکی تری توندی ئەو سەرکوتکردنە دڕندانەیە کە دوای ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاتە ئاراوە، کە ژمارەیەکی بێشوماری ژنان و پیاوان ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ داوای ئازادی و یەکسانی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.
ئاماژەی بەوەدا، کە نێرگس محەمەدی لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی پارێزەرێکی مافی مرۆڤ بە توندوتیژی دەستگیرکراوە، هەروەها بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی جەستەیی ٤ی ڕاستەقینەکە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. کەسوکاری نێرگس محەمەدی ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند، کە دادگای ئێران سزای نوێی زیاتر لە حەوت ساڵی دیکەی زیندانیکردنی دەرکردووە، ئەمەش دوای مانگرتنەکەی لە خواردن.
پارێزەرەکەی ڕوونیکردەوە کە دادگا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێمراوە، بەهۆی "کۆکردنەوە و پیلانگێڕی"، ئەمە جگە لەوەی ساڵ و نیوێک بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ"، لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ، هێشتا ئەو بڕیارە جێگای تانەیە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران له سەر بنەمای یەکگرتنەوەی سزاکان کار دەکات، واتە توندترین سزا بەسەر دەدرێت.
پارێزەرەکەی هیوای خواست کە بریکارەکەی بە کەفالەت ئازاد بکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی، بە لەبەرچاوگرتنی باری تەندروستی و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی.
نێرگس محەمەدی بە یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەباتی دژی سزای لەسێدارەدان و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی ژنان، زۆربەی ١٠ ساڵی ڕابردووی لە پشت مێزی دادگا بەسەر بردووە و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پەیوەندی بە منداڵەکانیەوە نەکراوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا دەسەڵاتداران بە هۆکاری تەندروستی دوای نەشتەرگەری لابردنی وەرەمێک بە شێوەیەکی کاتی ئازادیان کرد، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کاتی زیندانی بوونی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەباتی بەردەوامی لە پێناو بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.