ڕێکخراوی سارا تاوان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین شەرمەزار دەکات

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە عەفرین-شەهبا لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانەی تاوانەکانی داگیرکاری تورکیا دژی ژنان لە عەفرینی داگیرکراو دەکات و داوای لە هەموو وڵاتان و لیژنەی مافەکانی مرۆڤ کرد کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن.

شەهبا

 

بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکاری و کردەوەکانی داگیرکاری تورکیا لە پارێزگای عەفرینی داگیرکراو دژی خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەتی ژنان، ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی یەکەم، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمۆڵەکان و ئەنجومەنەکانی عەفرین- شەهبا بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

 

بەیاننامەکە بە دروشمی "توندوتیژی دژی ژنان تاوانێکە، داگیرکردن گەورەترین توندوتیژییە دژی ژنان، ژنان خۆیان دەپارێزن، ژنان مەکوژن" درا، ئاماژە بەوە کراوە لە کۆمەڵگەی سروشتیدا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کۆمەڵگەیان بەڕێوەبردووە و پێشەنگایەتی دەکەن، لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەوە بۆ خۆشەویستی و یەکسانی لەنێوان هەموو تاکەکاندا بەبێ ڕق و کینە و دوژمنایەتی، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ژنان بە هۆشیاری پیاو ئازاریان دراو توندوتیژژیان بەرامبەر کرا.

 

"ژنان توندوتیژییان قبوڵ نەکرد"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە بەرەو ئازادی، چونکە ئەوان ڕەتیان کردەوە توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت، تێکۆشانیان کرد و توندوتیژییان قبوڵ نەکرد، خەباتیان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی خۆیان، بەتایبەتی لە دەستپێکی داگیرکاری تورکیا بۆ ناوچەکانمان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ژنان بە بەردەوامی و ڕۆژانە دەکوژرێن و لێیان دەدرێت، دەستدرێژییان دەکرێتەسەرو دەڕفێندرێن، لە ناوچەی عەفرینی داگیرکراو لە گەڕەکی ئەشرەفیە و دوو ڕۆژ لەمەوبەر ژنێک دایکی چوار منداڵ لەلایەن باوکی هاوژینەکەیەوە لەسەر میرات کوژرا.

 

لە بەیاننامەکەدا تاوانەکانی داگیرکاری تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین شەرمەزار کراوە و داوای ڕزگارکردنی ژنان کرا، داوا لە هەموو وڵاتان و لیژنەی مافەکانی مرۆڤ کرا کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن کە لە دژی ژنان ئەنجام دراون و دەدرێن.