لەسەر مەزارەکەی شەهید ڤیان جاف بەبیر هێندرایەوە
لە شاری سلێمانی بە شکۆوە یادی ۲٠ ساڵەی چالاکییە گیان فیداییەکەی شەهید ڤیان جاف، لە لایەن چالاکوان و بنەماڵەی شەهیدان و تێکۆشەرانەوە بەرزڕاگیرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەهیدان، هاوڕێ و هاوخەباتانی شەهید ڤیان جاف، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، پاشان دانانی تاجەگوڵی ڕێز و وەفا لەسەر مەزارەکەی، بە شکۆوە یادی ۲٠ ساڵەی تێکۆشان و خەبات و گیانبازی شەهید کرا و بەبیرهێندرایەوە.
سەرەتا لە لایەن ڕوناک مەجید، چالاکوانی سیاسی، ئاماژە بە بەرخۆدانی شەهید ڤیان جاف کرا، وتی: ئەمڕۆ ساڵیادی شەهید بوونی شەهید ڤیان جافە، کە ۲٠ ساڵ بەر لە ئێستا گەلەکۆمەکەی دەوڵەتانی زلهێزی بۆسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێ قبووڵ نەکرا، نەیتوانی جارێکی دیکە ژیان بەسەر بەرێت، بۆیە گیانی بۆ ڕۆشنکەرەوەی ڕێی ئازادی ئاگر بەردا.
دواتر لە لایەن ژارین حسەینەوە، ڕاگەیاندراوی ئینسیاتیفی ژنانی باشوور خوێندرایەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ ۲٠ ساڵ بەسەر شەهید بوونی لەیلا والی حسێن، ناسراو بە هەڤاڵ ''ڤیان جاف'' تێپەڕ دەبێت، کە لە ساڵی ۲٠٠٦ دووبارە لەبەرامبەر گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی و ڕێبەر ئاپۆ پلانگێڕییەکی گەورە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد گێڕدرا، هەڤاڵ وەک ژنێکی زانا و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕێکی گەورە، ئەم مەترسییەی بەدڵ و مێشک هەستپێکرد، بەڵام هیچ ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی ئەو بیروڕایە بە ڕای گشتی و گەلی کورد نەبوو تا بتوانێت لەو مەترسییە ئاگاداریان بکاتەوە، بۆیە تەنها جەستەی ئازادی خۆی و ئەو زانا بوون و تێگەیشتن و پێشبینیانەی کە سەبارەت بە قڕکردنی گەلی کورد هەبوو لە دەستی ئەودابوو، بۆیە لەپێناو گەیاندنی بە دەنگی گەلی کورد، جەستەی خۆی کردە تروسکەیەک لە ناو دڵی کوردان، ئاگری تێکۆشانی لە دڵیاندا بەهێزترکرد، هەروەک چۆن ئەمڕۆ کەزییەی ژنە شەڕڤانێک هەموو گەلی کوردی لەدەوری خۆی کۆکردوەتەوە، ۲٠ ساڵ لەمەوبەریش بڵێسەی ئاگری دڵی شەهید ڤیان هەموو کوردانی بەرامبەر بە پلانگێڕی و کۆمەڵکوژییەکان بە ئاگا هێنایەوە و ڕێگەی تێکۆشانی ڕووناکترکردین، گەلی کوردی بەرەو بەرخۆدان و تێکۆشان ڕاکێشا، هەڤاڵ ڤیان لە کوردستان بوو بە هێما و سیمبوولی تێکۆشان و بەرخۆدان، وەک کچێکی عەشیرەتی جاف، بە فکر و ڕۆحی تێکۆشەرانە، بەرخۆدانی هەڤاڵ ڤیان زۆر گەورەیە، هەروەها ئەو هیچ کات نا دادپەروەری قبوڵ نەدەکرد، کاتێک هەستی بەو مەترسیانەکرد کە لەسەر گەلەکەی هەیە، بە هەموو بیرو ئازادی خۆیەوە لە سەخترین و ناهەمووارترین ساتەکاندا، باری تێکۆشانی ئازادی ژن و ئازادی کوردستان خستەسەر شانەکانی خۆی و خۆی بە بەرپرسار بینی، هۆکاری ئەم بەرخۆدانییە بێ هاوتایە پەیوەستبوونی بوو بە خاک و مێژوو نیشتیمانی خۆییەوە، وەک دەزانین گەلی ئێمە لە باشووری کوردستان لە مێژەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە و بەردەوام لە بەرامبەر هێرشەکانی قڕکردن و پاکتاوکردندا تێکۆشانی کردووە و بوون و هەبوونی خۆی پاراستووە، گەنجانی باشووری کوردستان لە ڕۆژە سەختەکاندا بە نەریتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانییەوە، وەڵامی داگیرکەر و خوێنمژانیان داوەتەووە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە گەلی کورد لەبەردەم هێرشێکی سەختدایە، دوای سەدەیەک دەیانەوێت پەیمانی لۆزان و سیڤەر نوێ بکەنەوە، هەروەها گەنجانی کورد کە بەڕۆحی سەفەربەرییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان سنگی خۆیان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە کردووەتە قەڵغان، بە هەمان شێوازیش شەهید ڤیان خاک و نیشتیمانیان دەپارێزن، ئاڵای بەرخۆدان بەرزتر دەکەنەوە، بەڕۆحێکی فیدایی تێدەکۆشن و شەڕ دەکەن، لە یەکەم شەهیدەوە تا شەهید ئەحمەد، گەلی باشووری کوردستان بە هەڵوێستە نیشتیمانپەروەرانەکەیانەوە لە بەرامبەر سیاسەت و پلانگێڕییەکانی دەسەڵاتداران بەرخۆدانیان کردووە و هەڵوێستیان نیشان داوە، ئێمەش وەک دەستپێشخەری ئینسیاتیفی ژنانی باشوور، لەسەر هەمان ڕێبازی بەرخۆدانی درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین، ئێمە لەسەر مەزاری شەهیدی پێشەنگمان کۆبووینەتەوە، لە بەرامبەر هەڤاڵ ڤیان و هەموو شەهیدانی دیکە، پەیام و بەڵێنی سەربەخۆی و ئازادی و پاراستنی کوردستان دووپات دەکەینەوە ، ئێمە جارێکی دیکە بە ڕێزەوە یادی شەهید ڤیان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە، دەڵێین: ''تا سەرکەوتن و ئازادی، بەبێ ماندووبوون و ڕاوەستان درێژە بەم تێکۆشانە دەدەین''.
"شەهد ڤیان بووە سیمبوولی شۆڕشی ژنان"
بەرفین شێخۆ، ئەندامی ڕاگەیاندنی کۆنگرە ستار، وتی: ئەمڕۆ وەک ژنێک سەردانی مەزاری شەهید ڤیان جافم کردووە، هەروەها شەهیدی ژنێکی شۆڕشگێڕبوو، کە بۆ ئازادی ژن و خاکەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، خۆشی لە نامەیەکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە گیانی بە بەهاتر خاکەکەیەتی بۆیە گیانی خۆی فیداکردووە، هەروەها شەهید ڤیان بووە سیمبوولی شۆڕشی ژنان.
لە کۆتاییدا وتیشی: ئێمە ساڵڕۆژی شەهید ڤیان بەبیر دەهێنینەوە، هەمیشەش لە یادماندا خەبات و هەبوونی دەمێنێتەوە، ئێمە درێژەدەری خەباتی ژنە شۆڕشگێڕی کورد دەبین، هەردەم لە دڵماندایە و ڕێ و ڕێبازەکەی لە مێشکماندایە و درێژە دەری فکری دەبین، شەهید نامرێت.