ئەسمەر ڕەسوڵ: حەزم دەکرد هاوشانی کوڕەکەم بچمە بەرەی بەرگری لە ڕۆژئاوا

ئەسمەر ڕەسوڵ، دایکێکی خەڵکی شارۆچکەی ڕانیەیە، باس لە چیرۆکی ڕۆشتنی کوڕەکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەو وەک نموونەی دایکێکی خۆڕاگر، نەک هەر ڕێگری لە کوڕەکەی نەکردووە، بەڵکو دەڵێت: پێویستە هەموو دایکێک ڕۆڵەکەی ئاوا پەروەردە بکات.

ڕانیە 

  

دوای ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی لەلایەن هەتەشەو چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تەرک کرایە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای سەفەربەری گشتی بۆ باشوورو باکووری کوردستان ڕاگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی باشووری کوردستان بەدەم بانگەوازی نیشتمانییەوە چوونە مەیدانی بەرخۆدان،، ئەسمەر ڕەسوڵ، دایکی یەکێک لەو گەنجانەیە کە لە شارۆچکەی ڕانیەوە بەرەو ڕۆژئاوا بەڕێکەوتووە، باس لە دوایین ساتەکانی ماڵئاوایی کوڕەکەی و هەڵوێستی خۆی وەک دایکێک دەکات

  

"کوڕەکەم وتی یان بە سەربەرزی دەژیم یان شەهید دەبم" 

ئەسمەر ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، کوڕەکەی بەهۆی ئەو دیمەنە تراژیدیانەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەران، ئارامی لێ بڕابوو وتی: کاتێک کوڕەکەم بڕیاری ڕۆشتنی دا، پێی وتم دایە گیان من ناتوانم لێرە دابنیشم لە کاتێکدا لەوێ کۆمەڵکوژی دەکرێت. وتی یان دەچم و بە سەربەرزی دەژیم، یان لە پێناو نیشتمانەکەمدا شەهید دەبم

  

کوڕەکەی دایە ئەسمەر تەنانەت کاتێک ڕۆژی یەکەم بەهۆی ئامادەنەبوونی پاسەکانەوە لە باخی گشتی ڕانیە نەیتوانیبوو بڕوات، گەڕابووەوە تاوەکو بە فەرمی گەردن ئازادی لە دایکی بکات و پێی بڵێت کە ئەمە ڕێگەی شەرەف و نیشتمانپەروەرییە

  

دایە ئەسمەر بانگەواز بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکات 

ئەسمەر رەسوڵ وەک دایکێکی خاوەن هەڵوێست، داوا لە هەموو دایکان دەکات کە ورەبەرز و خۆڕاگر بن. ئەو پێیوایە کلیلە تەنیاکەی سەرکەوتنی کورد "یەکگرتووییە" و وتی: ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دوژمنان سوود لە پەرتەوازەییمان دەبینن. ئێستا کاتی ئەوەیە لاپەڕەیەکی سپی هەڵبدەینەوەو لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتووییەکی نەتەوەیی دروست بکەین، چونکە خوێنی ڕۆڵەکانمان لە هەموو شوێنێک دەڕژێت

  

"حەزم دەکرد هاوشانی ژنانی شەڕڤان بم" 

ئەسمەر ڕەسوڵ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد بە تەنیا کوڕەکەی بە هی خۆی نازانێت، بەڵکو هەموو شەڕڤانان، پێشمەرگە و منداڵێکی کورد بە پارچەیەک لە جەستەی خۆی دەبینێت وتی: کاتێک دەبینم پەنجەی منداڵێک یان شەڕڤانێک بریندار دەبێت، چۆن دڵم ئارام دەبێتەوە، حەزم دەکرد هاوشانی ژنانی شەڕڤان بم، ئەگەر ئەرکی بەخێوکردنی منداڵە بچووکەکەم نەبوایە کە ئێستا لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتییە، هاوشانی کوڕەکەم و ژنانی تێکۆشەر دەچوومە مەیدانی جەنگ، زۆر حەزم دەکرد ئێستا هاوشانی کوڕەکەم بوومایە، چونکە ڕێگەی ئازادی قوربانیدانی دەوێت