لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕێنمایی ڕوماڵی خۆپیشاندانەكان دەدات

لە ماوەی چوار ڕۆژ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی دەرماڵە و مافەکانیان، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاران دروستبوو، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی لەو بارەیەوە ڕێنمایی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی دەرماڵە و مافەکانیان، گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ، ئاو، فیشەکی پلاستیکی و داری کارەباییان تێدا بەکارهێنا، چەندین خوێندکار بەهۆیەوە بریندار بوون.

 

ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ڕووماڵدا ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و خوێندکارانەوە هێرشیان کرایەسەر، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ روماڵی خۆپیشاندانەكان ڕێنمایی دەداتە ڕۆژنامەنووسان.

 

ڕێنماییەکەی سەندیکا بەم جۆرەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە سنووری لقەكەمان، خۆپیشاندان و پاشان بەداخەوە پشێوی روویدا، میدیاكاران و كەلوپەلی كەناڵەكانی راگەیاندن زەرەر و زیانیان بەركەوت.. چەندین كامێرامان و پەیامنێرمان بەر زەبر و لێدانی هەردوولا كەوتوون (هێزەكانی ناوخۆو خۆپیشاندەران).

 

چەندین تیمی پەخشی ناوخۆ و كەناڵەكانی عێراق و كەناڵە بیانییەكان لەلایەن هەردوو لاوە رێگرییان لێكرا، كە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئامارێكی ورد بڵاوبكەینەوە، سەرباری ئەو زەرەر و زیانە مادییە گەورەیەی بەر ژێرخانی ئابووری و فەرمانگەی دەوڵەت و ئەرشیف و كتێبخانە و دوكان و سووتاندنی چەندین بارەگای حزبی و رێكخراوەیی، كە هەموویان تێكڕا مایەی نیگەرانی و تێكچوونی سێكتەرەكانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان بوون.

 

ئێمە وەك لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تەواو خەمبارو نیگەران بووین بە برینداربوونی دەیان كەس لە هاووڵاتیان و و هێزەكانی پۆلیس و ئەو زیانە مادیانەی بەر جوڵەی ئابوری و بازاڕی شارەكە كەوتن.

 

ئێمە لەم كاتەو لەم بارودۆخە پێشبینی نەكراوەدا، داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەكەین و رووی دەممان دەكەینە سەرجەم هێزەكان و خۆپیشادەرانیش، كە لێدان و سووكایەتی میدیاكار نەكەنە ئامانجی خۆیان بە گوللــەی پلاستیكی و دووكەڵ، لەلایەنی خۆپیشاندەرانیشەوە بە بەردو بەجنێوو سووكایەتی..

 

لەهەمان كاتیشدا رووی دەممان دەكەینە ئەو میدیاكارانەی رووماڵی خۆپیشاندان و پشێوی و رووداوەكان دەكەن، بۆ وێنەگرتن و بەجێگەیاندنی كارەكەیان، شوێنی ستانداردی جیهانی بەكاربهێنن و هەوڵ بدەن خۆیان تێكەڵاوی خۆپیشاندەر و پۆلیس نەكەن، تكایە باجی كەناڵەكانتان لە مل بكەن و پێناسی سەندیكاتان پێبێت وجلوبەرگی جیاواز بپۆشن، بەتایبەت ئەو هێلەكانەی كە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان دابەشی كردوە بەسەر پەیامنێرانی سلێمانیدا، لەگەڵ ئەو كۆڵەپشتانەی كە دابەشمان كردوەو پێداویستی پزیشكیان تێدایە.. چونكە لەگەڵ سەرجەم هێزەكانی ناوخۆ وا رێككەوتووین كە ئەو جلوبەرگانە رێگاپێدراوی ئێمەن و پێویستە رەچاوی پاراستن و رێگاپێدان و رێز لەكاریان بگیرێت و بتوانرێت لە رووماڵكردندا شوێنی تایبەتییان بۆ دابین بكرێت..

 

هیوای ئارامی بارودۆخ بۆ شارەكەمان وهێمنی بۆ كوردستان و سەلامەتی بۆ سەرجەم میدیاكاران وئەندامانی ماندوومان دەخوازین..

 

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

٢٤/١١/٢٠٢١