لەلایەن ڕژێمی ئیرانەوە ٥٥٥ منداڵ دەستبەسەر کراون

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێراندا ٥٥٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەستبەسەر کراون و ٢٣٦ منداڵیش کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکردن و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا، تا ئێستا، حەوت هەزار و ١٥ کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ٧٧٧ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٦ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکاندا شەش هەزار و ٤٨٨ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ٢٣٦ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢٠٧ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٧٦ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، هەروەها لە نێو ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان ٥٥٥ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن  و ١٤٧ کەسیی دیکەش خوێندکاری زانکۆن.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٥٣ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٦٩ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.