دوو ڕۆژ دوای ناڕەزایەتییەکان ڕێوشوێنی لەناکاوی سنووردارکردنی خوێندکارانی زانکۆی ”زەهرا” دەستیپێکرد
کاربەدەستانی زانکۆی ”زەهرا” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەبێ ناردنی هیچ نامەیەکی کورت، هۆشداریی نووسراو، بانگهێشتی فەرمی یان زانیارییەکی ڕوون ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی بەشێک لە خوێندکاران کرد بۆ ناو کامپەکە، هەندێک لە خوێندکاران هەڕەشەیان لێکرا.
ناوەندی هەواڵ
زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی خوێندکارانن لە کاتێکدا کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان خوێندکاران و بەڕێوبەرایەتی زانکۆکان پەرەی سەندووە، ئەم بزووتنەوەیانە لە کاتێکدایە کە کۆنترۆڵی حکومەت لە کامپەکاندا فراوانتر دەبێت، نیگەرانییەکی بەرفراوان لەبارەی داڕمانی ئازادییە ئەکادیمییەکان و مافەکانی خوێندکارانەوە دروستکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی یەکگرتووی خوێندکاران بڵاویکردۆتەوە، دوای دانیشتنێکی دوو ڕۆژەی خوێندکاران لە زانکۆی ”زەهرا” و دوای ناڕەزایەتییەکان کە چەند ڕۆژێک پێشتر سەریهەڵدابوو، ڕۆژی دواتر زانکۆکە خرایە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنی توندەوە، هەروەها چاودێری و کۆت و بەند بەسەر خوێندکاراندا سەپێندرا.
بە پشتبەستن بە تێبینی و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی زانکۆ ڕێوشوێنیان گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی بەشێک لە خوێندکاران بەبێ ناردنی هیچ نامەیەکی کورت، ئاگادارکردنەوەی نووسراو، بانگهێشتی فەرمی یان پێدانی هیچ زانیارییەکی ڕوون، ئەم کارە بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تایبەت، بەڵگەنامەیەک یان ڕێکارێکی یاسایی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بڕیارانە ئەنجامدرا، ئەو خوێندکارانەی کە ئەم سنووردارکردنانەیان بەسەردا هاتبوو، مافی زانینی دۆخی خۆیان و ئەگەری پەنابردنی فەرمییان لێ داگیر کرا.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن: کە لەگەڵ زیادبوونی چاودێریکردن لە دەروازەکانی زانکۆکان، بەتایبەتی لەو دەروازانەی کە سیستەمی ناسینەوەی دەموچاویان تێدایە، چاودێریکردنی خوێندکاران و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان لەسەر ئاستێکی فراوانتر جێبەجێ دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش، زانیارییەکانی خوێندکاران بە تاک لە ڕێگەی سیستەمی خوێندکارانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و ناسنامەکانیان لەسەر بنەمای کەیس بە کەیس هاوتا دەکرێن.