لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ١٠٠ منداڵ کوژراون
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەرانا، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیران ١٠٠ منداڵ کوژراون، هەروەها هێڵی ئینتەرنێت تەنها بۆ بازرگانەکان و لەژێر چاودێری حکومەت کارایە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەربوون و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیران، تا ئێستا، شەش هەزار و ٢٢١ کەس کوژراون و ٤٢ هەزار و ٣٢٤ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و ١٧ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکان پێنج هەزار و ٨٥٨ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لەناویاندا ١٠٠ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٤٩ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٢٦ کەس بانگهیشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٢٦١ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.
باس لەوەشکراوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە قۆناغێکی نوێ سەرکوتکردنی دیجیتاڵ تێدەپەڕێت، سیستەمی هێڵی ئینتەرنێت تەنها ڕێگە بەو ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییانە دەدات کە حکومەت پەسەندی کردوون، ئەمەش وایکردووە دەستگەیشتن بە جیهانی دەرەوە ئەستەم بێت، بۆ نموونە تەنها ٢٠ خولەک لە ڕۆژێکدا دەدرێت بە کۆمپانیا بازرگانییەکان لەژێر چاودێریی نوێنەرانی حکومەتدا.