لەگەڵ دەستگیرکردنی ژنان لەسەر شەقامەکان بەهۆی "حیجاب لەبەرنەکردن" سەرکوتکردن لە ئەفغناستان زیاد دەکات
شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردن لە ئەفغانستان پەرەدەسێنێت و تاڵیبان ژنانی سەر شەقامەکان بە تاوانی "حیجاب لەبەر نەکردن" دەستگیر دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە هەراسانکردن و توندوتیژی و بێڕزیکردن لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دەکرێت.
بەهاران لە هیب
ئەفغانستان-لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەفغانستان کەوتۆتە ژێر شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردن لەلایەن تاڵیبانەوە، کە گروپێکە بەرپرسە لە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامانی تاڵیبان ژنانیان لە شەقامەکانی هەرات بە تاوانی "حیجاب لەبەرنەکردن" دەستگیرکرد، دیمەنێک کە خراپترین قۆناغەکانی دەسەڵاتی گروپەکە بیردەخاتەوە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە کابول و بەلخدا هەواڵی دەستگیرکردنی زیاتر دەرکەوت کە یەکێکیان دەستگیرکردنی ژنێکی دووگیان بوو لە پایتەخت.
هەرچەندە زۆرجار دەستبەسەرکردن تەنها چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، بەڵام شایەتحاڵی ژنان ڕاستیەکی زۆر دڕندانەتر ئاشکرا دەکەن: هەراسانکردن، دەستدرێژیکردنە سەر، بێڕزیکردن و دەستدرێژی زارەکی و جەستەیی، کە ئەمەش فشارە دەروونی و بێڕێزی توندتر دەکات کە بەرگەی دەگرن.
وێنەی دەستگیرکردنەکان بڵاودەبێتەوە و ژنانیش ئەزموونەکانیان دەگێڕنەوە
توۆڕی کۆمەڵایەتی بووە بە وێنە و ڤیدیۆی بەڵگەنامەکردنی دەستگیرکردنی ژنان لە شەقامەکاندا، سەرەڕای ترس و هەڕەشە، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان لەسەر تاقیکردنەوەکەیان قسەیان کردووە و هەوڵیانداوە ڕاستییەکان بخەنە بەرچاوی خەڵک.
لە هەرات، ژن و پیاو ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەستگیرکردنەکان، بەڵام شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردەوە کە تاڵیبان بە توندوتیژی خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کردووە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، هەروەها ئەو بزووتنەوەیە نەیتوانی بەشێک لە بریندارەکان بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەرەکی هەرات.
جێگیرکردنی سەربازی قورس و نەبوونی ژنان
لە کابول و بە تایبەتی لە دشت بەرشی و لە هەرات و جەبرائیل و بامیان بوونی تاڵیبان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە، کە "ژن بە کردەوە لە شەقامەکاندا دیارنەماون" و هەر کۆبوونەوەیەک هەرچەندە بچووک بێت، لە ماوەی چەند خولەکێکدا سەرکوت دەکرێت.
لەگەڵ گەیشتنمان بە دشت بەرشی ڕێگاکان بە تەواوی گیرابوون، هەرکەسێک مۆبایلەکەی دەرهێنابێت دەستبەجێ هەڕەشەی لێدەکرا و ڕێگری لێدەکرا وێنە بگرێت، لە هەرات ژمارەی سەرباز و کەرەستەی سەربازی زۆر زیاتر لەوەی دانیشتووان پێشبینیان دەکرد دەرکەوت، لە بامیان ئەفسەرانی جلوبەرگی ئاسایی بۆ چاودێریکردنی جوڵەی خەڵک جێگیرکران.
یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە بە گاڵتەجاڕیەوە تێبینی ئەوەی کردووە، "ئەگەر تاڵیبان ئەم هێزانەیان بەکارهێنابا بۆ بەرگریکردن لە وڵات لە هەڕەشەکانی پاکستان، ئەمڕۆ شایەتحاڵی کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان نەدەبووین".
دیمەنێکی ڕۆژانەی تیرۆر
لە دشت بەرشی تووشی دایکێک بووین کە منداڵە نەخۆشەکەی هەڵگرتبوو، کە مەودای دووری بڕیبوو بۆ ئەوەی بیباتە لای پزیشک، مۆبایلەکەی زەنگی لێدا و هەر کە ویستی وەڵامی بداتەوە، چەکدارانی تاڵیبان گەمارۆیان دا وەک ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشێکی خۆکوژی بێتەوە، یەکێکیان بە توندوتی جانتاکەی ڕفاند و لەبەردەم ڕێبوارەکاندا گەڕایەوە، تەنها بڕە پارەیەکی کەم و مۆبایلێکی بنەڕەتییان دۆزیەوە، یەکێکیان گاڵتەی پێکرد و وتی نە پارەت هەیە و نە مۆبایلێکی شایستەت هەیە.
ژنەکە ڕۆیشت و لە ژێر هەناسەیدا جنێوی پێدەدان، دەموچاوی لە ترسدا چەسپاوە، ژنێکی بەتەمەن هەوڵیدا دڵنەوایی بدات، بەڵام دایکەکە زۆر تووشی شۆک بوو و نەیتوانی وەڵامی بداتەوە، دواتر لەناو خەڵکەکەدا ون بوو.

شارەکان بێ ژنانن و ناوەندەکانی ژنان داخران
لە بامیان، شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاند، هیچ ژنێک لە شەقامەکاندا نەبووە، دوکانەکان داخران، ناوەندەکانی ژنانیش بە لانیکەم هەفتەیەک دەبێت کە چالاکییەکانیان ڕاگرتووە.
لە شاری هەرات، نووشین عەزیمی، چالاکوانی مافەکانی ژنان وتی: رێگاکان بەتەواوەتی گیرابوون، بڕیاربوو ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداری ناڕەزایەتییەکە بکەن، بەڵام تاڵیبان تەنانەت ڕێگەی پێنەداین بوەستین، ئەوان ناچاریان کردین لەژێر هەڕەشەدا بڕۆین، ژمارەی چەکدارانی تاڵیبان زۆر زۆر بوو، وەک ئەوەی خۆیان بۆ شەڕێک ئامادە بکەن، نەوەک ژنان بەشێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن.
"ژن، ژیان. ئازادی" دروشمەکانی سەرکوتکراوی هێز
لە ڕێپێوانەکەی ڕۆژی پێشوودا دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "کار، پەروەردە و ئازادی" و "ژن، ژیان. ئازادی" وترانەوە، بەڵام پێکهاتەکانی ئەم دواییەی هەرات و کابول و بامیان ئاشکرای دەکەن کە سنووردارکردنی ئەمنی بۆ سەر ژنان و خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەدەستێنێت.
جێگیرکردنی سەربازی و کۆنترۆڵکردنی کەشی گشتی و ترس لە دەستگیرکردن و قەدەغەکردنی کئبوونەوەکان وێنەی کۆمەڵگەیەک دەکێشێت کە لە ژێر قورسایی ترس و نادڵنیاییدا دەژی، سەرەڕای ئەمەش هێشتا زۆرێک لە ژنان لە هەوڵی ئەوەدان دەنگی خۆیان ببیستن و سەرپێچی لە ستەم و دەستگرتن بە مافی ژیان و ئازادی خۆیانەوە بکەن.