لافاوێکی کوشندە: کارەساتی سروشتی یان قەیرانی بەڕێوەبەری ئەفغانستان؟

لەگەڵ هەر بارانێک ئەفغانستان جارێکی تر لە ماتەمینیدایە، بەڵام پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا سروشتە کە کوشتن دەکات، یان خەمساردی و نەبوونی بەڕێوەبەرییە؟

بەهاران لەهیب 

 

ئەفغانستان-لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، زۆربەی شارەکانی ئەفغانستان تووشی بارانی بەخوڕ بوون. ئەم باران بارینە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لەوانە ژن و منداڵ و بەساڵاچووان لە زۆرێک لە ناوچەکان.

 

لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیدا ئەفغانستان یەکێکە لە ئەو وڵاتانەی لە هەژاری و بێبەشیدان زیاتر زیانی پێدەگات. زستانی ڕابردوو، بە سەدان کەس لە شارە گەورەکانی ئەفغانستان بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستدا، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنی ناپارێزراوەوەیە، تاکە ڕێگە بۆ پاککردنەوەی ئەم پیسبوونە ئەوەیە کە باران و بەفر ببارێت، بەڵام کەمی باران و بەفر بووەتە هۆی کەم ئاو و وشکەساڵی لە ئەفغانستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند هەفتەیەک باران بارین بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە زۆرێک لە شارەکان بەتایبەت لە کابول کە ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان زۆرترینە،  بەڕێوەبەری کابول هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە هەندێک ناوچە بەرزبووەتەوە.

 

ئیدارەکە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە

زستانی ڕابردوو، کابول و بەشێک لە شارەکانی دیکە تەنیا دوو سێ بارانێکی سووکیان باریوە، ئەمەش بەس نەبوو بۆ کەمکردنەوەی کەمی ئاوەکە. هەروەها حکومەتی ئەفغانستان نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردن یان هەڵگرتنی ئەو ئاوانە بنێت، بۆیە گەلی ئەفغانستان بە تایبەت ژن و منداڵ باجەکەی دەدەن.

 

هۆکارەکانی لافاو لە ئەفغانستان هەمەچەشنن. یەکێک لەو هۆکارانە سروشتی شاخاویی وڵاتەکەیە کە سێ لەسەر چواری ڕووبەری زەویەکەی لە شاخ پێکهاتووەو تەنها ٢٠-٢٥٪ دەشتە. بۆیە لە زۆرێک لە شارەکان بە کابولەوە خەڵک لە ناوچە شاخاوییەکان دەژین.

 

بیناکان بە پێی ستاندارد دروست ناکرێن

ئەو بینایانەی کە بە شێوەیەکی گشتی لە ئەفغانستان دروست دەکرێن، لە ئاستی ستانداردەکاندا نین. بەتایبەتی ئەو بینایانەی کە لە نزیک دامێنی شاخە بەرزەکان دروست دەکرێن، هیچ پێوەرێکی بیناسازییان تێدا نییە. زۆربەی ئەو خانووانە دەکەونە نزیک ناوچە لافاوەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی.

 

هۆکارێکی تر ئەوەیە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەرچەندە باڵەخانەکان لە هەندێک شار بە کەرەستەی باشتر دروستکراون، بەڵام هیچ کاتێک نەبووە کە ئەو بینایانە بۆ بەرگەگرتنی کارەساتی سروشتی و مرۆڤ دروستکراو دروستکرابن.

 

پێشتر لە ناوچەی نیشتەجێبووندا ستانداردێک هەبوو کە ڕێگەی نەدەدا بینایەک لە سێ نهۆم زیاتر دروست بکرێت. بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵی دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیادا، بلۆک کە لە چەندین شوقە و نهۆم پێکهاتبوو دروستکرا. ئەو کەرەستانەی لەم بینایانەدا بەکارهێنراون کوالیتی زۆر خراپ بوون.

 

بەوتەی هەندێک لە شارەزایان، ئەگەر توندی بوومەلەرزەکەی کابول و هەندێک شار بگاتە هەشت، ئەوا دەکرێت شارەکە بچووک بکرێتەوە بۆ وێران و کارەساتێکی خوێناوی. سەرەڕای ئەمەش دروستکردنی باڵەخانەکانی دەرەوەی ستاندارد ڕانەگیرا و تا ئەمڕۆش ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە.

 

ئەفغانستان شاخاوییە

لە ئەفغانستان، تەنانەت لە ناوچە گوندنشین و دوورەکان، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم بینا بە کەرەستەی بەهێزتر دروست دەکرێن. بەهۆی زۆری تێچووی کەرەستەی بیناسازی، خەڵک ناتوانن بینا بە پێی ستانداردەکان دروست بکەن و تەواوی نەوەکان لە بینای میراتیدا دەژین. ئەم بینایانە زیاتر لە قوڕ و دار دروستکراون و لە لافاو ناپارێزرێن. لە کاتی لافاودا مرۆڤەکان نەک تەنها بینا و ماڵەکانیان لەدەست دەدەن، بەڵکو کەسە ئازیزەکانیش لەدەست دەدەن.

 

بەو پێیەی ئەفغانستان شاخاوییە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی لافاو و بوومەلەرزە و بارانبارین لە زۆر شوێنی وڵاتدا زەوی لەرزین. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بیناکان لە دەرەوەی ستانداردەکان دروست دەکرێن، لەوانەش لە شارە گەورەکاندا. بەشێک لەو بینایانە لەسەر تەپۆڵکەی زەوی دانراون، ئەمەش مەترسی لەرزین زیاد دەکات.

 

ئەفغانستان سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، نەک هەر تووشی بوومەلەرزە و زەوی لەرزین و لافاو دەبێت، بەڵکو کانزای بەنرخی تێدایە، ئەگەر حکومەتێکی نیشتمانی و دیموکراسی هەبوایە، دەتوانرێت بوترێت ئەفغانستان توانای ئەوەی دەبوو ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکان.

 

باران و بەفر بووە هۆی دروستبوونی لافاو و خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا

هەموو ئەو بەڕێوەبەرییانەی کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان هاتوونەتە سەر دەسەڵات، جگە لە شەڕ و کۆمەڵکوژی و کاولکاری، بە شێوەی جۆراوجۆر سامان و کانزاکانی ئەو وڵاتەیان تاڵان کردووە، لە چوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی تاڵیباندا ئاستی ئەم تاڵانییە لەوانی تر کەمتر نەبووە. لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا زانیاری دەربارەی مینەکانی ئەفغانستان و وردەکارییەکانی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم تاڵانکارییە دەخرێتەڕوو.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە زۆربەی شارەکانی ئەفغانستان، باران و بەفر بەبێ وەستان باریوە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی نوێ، لە ئەنجامدا وەک هەمیشە چینە هەژارەکانی دانیشتووان گەورەترین زیانی گیان و ماڵ و موڵکیان بەرکەوتووە. بەپێی ئمارەکان، نزیکەی ٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و ١١٦ کەسیش برینداربوون. جگە لەوەش لە ئەنجامی داڕمانی باڵەخانەکان بەهۆی ناستانداردی بیناکانەوە بەشێک لە کەسەکان گیانیان لەدەستداوە.

 

ئەو دۆخە گشتییەی کە ئەمڕۆ خەڵکی ئەفغانستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، تەنیا دەرئەنجامی کارەساتە سروشتییەکان نییە، بەڵکو دەرئەنجامی هەژاری و نەبوونی دەسەلاتداری کاریگەر و بیناسازی ناستاندارد و وشکەساڵی ١٠ ساڵەیە. تا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەوە هەنگاوی جددی نەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکان و بونیادنانی ژێرخانی بەردەوام، ئەم خولەی مردن و لەناوچوون بەردەوام دەبێت و وەک هەمیشە مرۆڤی ئاسایی بەتایبەتی ژنان و منداڵان زۆرترین باج دەدەن.