ژنان لە پایزدا سوود لە بەرهەمی دەستی خۆیان وەردەگرن
ژنانی کورد هەمیشە خۆشی لە وەرزەکان وەردەگرن و لەئێستادا کە بەرەو وەرزی پایز دەچین، سوود لە بەرهەمی ئەو گیایانە وەردەگرن کە لە بەهاردا لە شاخ و دەشتەکان کۆیان کردوونەتەوە، پەری ئەمین لە سنەوە هاتووەتە باشووری کوردستان و باسی گیاکان بۆ پایزو زستان دەکات.
میهرەبان سەلام
سەیدسادق-گیا کوردەوارییەکان تەنها بەشێک لە جوانی سروشت نین، بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانە کوردییەکانیشدا شوێنێکی تایبەتیان هەیە، زۆرێک لە ژنان، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، لە وەرزی بەهاردا دەچن بۆ کۆکردنەوەی ئەم گیا بەهارییانەو بەشێکیان بۆ خواردن بەکاردێنن و بەشێکی تریشیان وشک دەکەن بۆ وەرزەکانی دیکە، کاتێک بەرەو وەرزی پاییزو زستان دەڕۆین ئامادەکاری ژنان ڕەنگ دەداتەوەو بوونەتە گەنجینە بۆ خۆراکی پێویستی خێزانەکانیان.
ژنان پاریزەری کولتوورن
ئەو کولتوورەی داپیران خواردن و گیایان بۆ وەرزی پایزو زستان ئامادە دەکرد، تا ئێستاش بەدەستی ژنان پارێزراوە،لە بەهاردا دەچنە شاخ و دەشتەکان و گیا کۆدەکەنەوە، لای ژنان گیا کۆکردنەوە تەنها خواردن نییە، بەڵکو کولتووری ناوخۆییە، وشککردنیان ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بۆنی بەهارو تام و یادەوەرییەکانی ئەو وەرزە بۆ وەرزەکانی دیکەش بمێنێتەوە، ئەو کارەی ژنان لە کۆکردنەوە، جیاکردنەوە و وشککردنی گیاکان دەیکەن، تەنها کارێکی ماڵەوە نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە پاراستنی کولتوور، زانیاریی سروشتی و بەرهەمی ناوخۆ، کە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی دەرفەتی ئابووری و پشتگیری لە تواناکانی ژنانیش.
لەدەشت و چیاکانەوە بۆ سەر سفرەو خوان
گیاکان بە پێی ناوچەو جۆری خاک جۆراوجۆرن، هەندێکیان وەک سەوزەیەکی نوێ لە خواردنەکاندا بەکاردێن، هەندێکیان بۆ دروستکردنی شۆربا و خواردنی ناوخۆیی و هەندێکی تریش بۆ چێشت و خواردنە جیاوازە کوردییەکان بەکاردەهێندرێن.
ئەو ژنانەی کە ئەم گیایانە کۆدەکەنەوە، زۆرجار بە ئەزموونی ساڵانەیان جۆری گیاکە دەناسن و دەزانن کام گیا بۆ خواردن گونجاوە و کامەیان نابێت بەکاربهێندرێت، ئەم زانیارییە زۆرجار لە دایک و باوکەوە بۆ نەوەکانی دواتر گوازراوەتەوە.
پەری ئەمینی لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە باشووری کوردستان و باسی لە تایبەتمەندی گیابەهاریەکانی بۆ کردین و وتی: لە سنەوە هاتووم ئەم گیابەهاریانەم هیناوە بۆنموونە ئەمە زەعفەرانە ئاوەکەی دەرمانی سروشتیەو ژمارە یەکە بۆ هەوکردنی ماعیدەو قورگ و وەک چا بۆناو نۆکاو، کفتەو برنج بۆناو هەموو خۆراکەکان بەکاری دێنین، گوڵەباخ و گوڵەهێرۆ و بۆ زستان بۆ سەرماو کۆکە وەک چا دەیخۆیت، هەمووی بەسوودەو ژمارە یەکە، پونگە بۆ ژانەسەرو ماعیدە وەک چا بەکاردێت، هەروەها ئێستا بۆناو پاقلە بەکاری دێنین، گەزنە هەموو کەس دەزانێت چییەو کچێکم پزیشکەو دەڵێت ئەم گەزنەیە، شەکرە وچەوری دادەبەزێنێت، لە شیوەی چا دەخورێتەوە، هەروەها ئاوی زەعفەران ئامادەیەو هیچ سەختییەکی نیەو بۆ ناو برنج ڕەنگیکی جوان وهەیەو بۆ هەموو شت دەبێت.
"بەرهەمەکان سروشتیین و لە شاخەکان بەرهەم دێن"
وتیشی: ئاوی بەرسیلە بەدەستی خۆم کردوومەو بۆ هەموو خواردنێک و تەندروستییەکی باش و ئەوەندە سروشتیە یەک ساڵ بمێنێتەوە هیچی لێ نایەت، لەبەر ئەوەی ئاساییە هیچی لێ نایەت، هەروەها سرکەی سێو سروشتیەو هەم شەکرەو هەم چەوری دادەبەزێنێت، بەرووبومی کوردەواری خۆمانەو بنێشتی کوردی ئەمیش تەواو سروشتییەو لە شاخەکان بەرهەم دێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا پەری ئەمینی وتی: ئێستا ئەم شتە کوردەواریانە زیانی نییەو سوودو باشیی هەیە، ئەگەر بزانن چا ناخۆن ئێمە لە سنە گیاکان لەبری چا بەکار دەهێنین و کەمتر چا دەخورێنتەوە، چونکە چا گەدە خراپ دەکات، بەڵام ئەم گیانە باشی دەکات و خراپ نییە، شێوازی وشک کردنیان تایبەتمەندی خۆی هەیەو لەماڵەوە لەسەر جلی گەورە رایدەخەین و پاک پاکی دەیشۆینەوەو لەسەر پارچەکە بڵاوی دەکەینەوەو نابێت بکەوێتە سەر یەک بۆ ئەوەی زەرد نەبێت وخراپ نەبێت، دەبێت پان بێت و لق لق دایبنێین، ئەمە دەبێت لە سیێەردا بێت بۆ ئەوەی تام و بۆنی نەروات، کە وشک بووەوە سوودی دەبێت.