لە زاخۆ ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی شنگال کەوتەوە
بەرگریی شارستانیی زاخۆ بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کامپی بێرسڤێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەهۆیەوە سێ چادر سووتاون، ئاوارەکانی شنگال لە کامپەکەدا نیشتەجێن.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، سەبارەت بە سووتانی کامپی پەنابەرانی پێرسڤێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٢٠ خولەکی بەیانی ئاگر لە کامپی بێرسڤێی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتەوە و بەهۆیەوە سێ چادری پەنابەران سووتان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی بە ئاوارەکانی کامپەکە گەشتووە، تیمەکان بەپەلە گەشتە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە دوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شنگال، بەشێک لە دانیشتووانەکەی ئاوارەی کامپەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای دهۆک بوون، کامپی بێرسڤێ یەکێکە لەو کامپانەی ئاوارەکانی شنگال ڕوویان لێ کرد.