لە هێرشەکانی داعشدا ١٩٥ کەس لە بیاباندا کوژراون
لە هێرشەکانی داعشدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە بیابانی سووریا ١٩٥ کەس کە ٣٢ هاولاتی مەدەنیان تێدایە،کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا "SOHR" ئاماری هێرشەکانی داعشی لە سووریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئاماژەی بەوەکرد، داعش ٧٠ هێرشی دژ بە حکومەتی شام و لایەنگرانی ئەنجامداوە و ١٩٥ کەسی کوشتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ٣٢ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکاندا کوژراون و ١٤١ کەسیش سەر بە هێزەکانی حکومەتی شام بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ٢٢ چەتەی داعش کوژراون، هێرشەکان ٣٣یان لە بیابانی حومس، ٢٤ هێرش لە بیابانی دێرەزۆر، ٦ لە بیابانی ڕەققە، ٦ لە بیابانی حەما و ٦ هێرش لە بیابانی حەلەب ئەنجامدراون.