کاردانەوەی ژنانی ئێزدی لەبەرامبەر هێرشەکان: ناتوانن شکست بە ئیرادەمان بهێنن

ئەندامانی کۆردیناسیۆنی تاژێ دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال قسەیان کرد و وتیان: ئامانجی هێرشەکانی سەر شەنگال لەناوبردنی ئیرادەی ئازاد، بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگەی ئێزیدی و بێهیواکردنە، بەڵام ئەوان ناتوانن شکست بە ئیرادەمان بهێنن.

شەنگال

 

لە ٨ی ئاداردا، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەومان هێرشی کردە سەر شەنگال، لە ئەنجامدا، مەجید حەسەن خەڵەف، شەڕڤانی یەبەشە گیانی لەدەستدا، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکەی ٢٩ی شوبات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، سەعدون میرزا عەلی، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال گیانی لەدەستدا، ژنانی ئێزیدی کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان نیشانداو وتیان: ناتوانن بە هێرشەکان ئیرادەمان تێکبشکێنن.

 

"ئەو بەڵێنەی بە یەکەم شەهیدمان دا، ئەمڕۆ دووبارەی دەکەینەوە"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی ڕایگەیاند، دوژمنانی کۆمەڵگەی ئێزیدی دەیانەوێت کۆمەڵگە بترسێنن، بەڵام ئامانجیان سەرکەوتوو نابێت و وتی: هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا و هاوپەیمانەکانیان بۆ سەر شەنگال بەردەوامە، دەیانەوێت شەنگالیەکان بترسێنن و ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەیان بۆ خاکەکەیان، لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، دەیانەوێت ژمارەی هێزەکان کەم بکەنەوە، بەڵام هێزمان کەم نابێتەوە و ئەو بەڵێنە دووپات دەکەینەوە کە بە شەهیدەکانمان داوە، سەرەڕای ٧٤ فەرمان لەسەر کۆمەڵگەکەمان کە زۆربەیان ڕوون نین بەهۆی نەبوونی وێنەو بەڵگەیەکی ڕوونەوە، ئەوانەی کە فەرمانی کۆتاییان جێبەجێ کرد ئەوانەن کە نایانەوێت شەنگال بونیاد بندرێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک هێزمان گەشە دەکات و دوای هەر شەهیدێک هێز کۆدەکەینەوەو یەکگرتووییمان زیاد دەکات، هەرگیز لاواز نابین و هێز لە شەهیدەکانمان وەردەگرین.

 

"بێدەنگیی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ هێرشەکان ڕوون دەکاتەوە"

نەعیم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، ڕایگەیاند عێراق بەرپرسیارە لەو هێرشانە و وتی: هەموو شەهیدانی خەباتی ئازادی و شەهیدانی شەنگال و هەر چوار بەشی کوردستان بەبیردەهێنیەوە، ئەمە یەکەم جار نییە ئەم هێرشانە ئەنجام بدرێن، لەو کاتەوەی وەزیری عێراق هاتووەتە شەنگال، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا شەنگالیان جێنەهێشتووە، لە ماوەیەکی کورتدا دوو ڕۆڵەی کۆمەڵگەکەمان کران بە ئامانج کە ماڵ و منداڵیان هەبوو، هەموو کەس دەزانێت و دەڵێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لەو هێرشانە، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لەسەر هێرشەکان نییە، دوای هەر جارێک کە حکومەتی عێراق سەردانی ناوچەکە دەکات، هێرشی ئاسمانی دەکرێت.

 

"سەر دانانەوێنین"

لە کۆتایی قسەکانیدا، نەعیم بەدەل ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هەموو هێرشەکان، ئیرادەو باوەڕیان هەیە و وتی: دوای سەردانی وەزیری عێراق، لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە دوو جار هێرش کرایە سەرمان، با هەمووان بزانن کڕنۆش بۆ سودانی و بۆ تورکەکان نابەین، بەدوای هێڵی شەهیدەکانماندا دەڕۆین، ئەو دەستکەوتانە بەجێناهێڵین کە بە خوێنی شەهیدەکانمان بەدەستهاتووە، هەر کاتێک خەڵکی شەنگال بگەڕێنەوە سەر خاکەکە، هێرش دەکەنە سەر خەڵک و خەڵک دەترسێنن، بە هێرشەکانیان و سیاسەتی پیسیان، دەیانەوێت ئەو سەقامگیرییە لەناو ببەن، هەرچەندە بەهۆی شەهیدەکانەوە ئازار دەچێژن، بەڵام بەرامبەر دوژمن قینمان زیاد دەبێت.