لە ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات چالاکی ئەنجامدرا

لە شارەکانی دویسبۆرگ و کارلسروە لە ئەڵمانیا، دژی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و گوشارەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێپێوان و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٨ی کانوونی دووەم، بە بەشداری سەدان کوردستانی و دۆستانی گەلی کورد، ڕێپێوانێک لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا لەلایەن چەندین ڕێکخراوی وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد و هێزە چەپەکان ڕێکخرا، چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و تێیدا جەخت کرایەوە کە هێرش بۆ سەر مەدەنییەکان و بەتایبەت ژنان و منداڵان تاوانی جەنگە.

 

لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا ئاماژە بەوە درا کە گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە مەبەستی تێکدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری، گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان لە حەلەب کردووەتە ئامانج، هەروەها باس لەوە کرا کە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی گرتن و کوشتنەوە هەوڵی بێدەنگکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.

 

ئەحمەد کۆبانی، هاوسەرۆکی فێد-مەد لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە گەلی کورد بەرخودانێکی مێژوویی نیشان دەدات و ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلان بەدی دێت، ناوبراو داوای لە هەمووان کرد کە بەشداری ئەو ڕێپێوانە گەورەیە بکەن کە بڕیارە لە ١٩ی کانوونی دووەم لە بەرلین و بۆن بەڕێوەبچێت.

 

هاوکات لە شاری کارلسروە، بە هەمان مەبەست خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو کە تێیدا هێرشی گرووپە چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتی بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا، بەشداربووان بە دروشمەکانی “بژی بەرخودانی ڕۆژئاوا” و “بژی بەرخودانی ڕۆژهەڵات” پشتگیری خۆیان بۆ شەڕڤانان و خەڵکی تێکۆشەر دەربڕی.

 

لە کۆتایی چالاکییەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە گەلی کورد و دۆستەکانی، ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا جێناهێڵن و بەو پەڕی بڕواوە ڕایانگەیاند: “بە ڕۆحی کۆبانی، بەرخودان لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت” و داوای یەکێتی نەتەوەییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری کرد.