لە یادەوەریی زیندانیانی سیاسییەوە بۆ پاراستنی مێژوو
زیندان جیهانێکە پڕ لە ئازار، بێبەشی و دوورکەوتنەوە لە خێزان؛ ئەزموونی زیندانیانی سیاسی بەشێکی گرنگی مێژووی کۆمەڵگەیە و یادەوەرییەکانیان بەڵگەی خەبات و تاقیکردنەوە سەختەکانی ژیانن.
ناوەندی هەواڵ
٢٦ ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی CDO ناساندن بۆ پەرتووکی لەزیندانەکانی بەعسەوە بۆ شاری خۆم ئەڵمانیا بۆ تانیا محەمەد ئەحمەد ی نووسەر بەڕێوەچوو. ئەم پەرتووکە باس لە ئەزموون و یادەوەرییەکانی زیندانیانی سیاسی دەکات و پەنجەرەیەک دەکاتەوە بۆ ناساندنی ئەو چیرۆک و ئەزموونانەی کە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەبات و خۆڕاگریی مرۆڤن، ئەم چالاکییە هەنگاوێکە بۆ پاراستنی یادەوەرییە مێژووییەکان، تۆمارکردنی ئەزموونی زیندانیانی سیاسی و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە نەوەکانی داهاتوو چونکە مێژوو تەنها ڕووداوەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو چیرۆکی مرۆڤەکان و نرخ و بایەخی ئازادی و کرامەتی مرۆڤیش دەپارێزێت.
ژن لە زیندانەکانی بەعس؛ چیرۆکی ئازار، خۆڕاگری و یادەوەری
زیندانەکانی ڕژێمی بەعس تەنها شوێنی زیندانیکردنی ئازادیخوازان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی نەبوون، بەڵکو ژنانیش بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەوە ڕووبەڕووی زیندان و ئەزموونە سەختەکانی ژیان بوونەوە. ئەزموونی ژنانی زیندانیی ئەو سەردەمە بەشێکی گرنگی مێژووی کوردستانە؛ بەشێک کە پێویستە بە وردی بگێڕدرێتەوە، تۆمار بکرێت و بگاتە نەوەکانی داهاتوو.
لە پشت هەر یادەوەرییەکدا ژنێک هەیە کە چیرۆکی ژیانی خۆی، خێزانەکەی و ئەو ڕۆژانەی تێپەڕاندووە لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ژنانی زیندانی، لەگەڵ ئەو ئەزموونە سەختانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، بەشێکن لە مێژووی کۆمەڵگای کوردی؛ مێژوویەک کە تەنها بە ڕووداوە سیاسییەکان ناسنامەی پێ نادرێت، بەڵکو بە چیرۆکی مرۆڤەکان و ئەو کاریگەرییانەش دەناسرێتەوە کە ڕووداوەکان لەسەر ژیانیان هەیانبووە،باسکردنی ئەزموونی ژنان لە زیندانەکانی بەعس، هەنگاوێکە بۆ پاراستنی یادەوەریی ئەوان و تیشک خستنە سەر ئەو بەشانەی مێژوو کە پێویستیان بە زیاتر گێڕانەوە و تۆمارکردن هەیە. ئەم چیرۆکانە دەرفەتێکن بۆ تێگەیشتن لە ژیانی ژنان لەو سەردەمەدا، بارودۆخی خێزانەکانیان و ئەو کاریگەرییە درێژخایەنەیەی ئەزموونی زیندان لەسەر تاک و کۆمەڵگا بەجێی هێشتووە.
کاتێک ئیرادەی ژن لە پشت دیوارەکانی زینداندا دەدرەوشێتەوە،ئازایەتی ژنی کورد لە مێژوودا تەنها لە مەیدانی خەبات و بەرگریدا نەبووە، بەڵکو لەو ساتانەشدا دەردەکەوێت کە ژن لە دۆخێکی سەخت و نائاساییدا، بە تەنیا لەگەڵ ترس و نادیاریدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە و هێزی خۆی بۆ مانەوە و پاراستنی کەرامەتی خۆی دەخاتە گەڕ، زیندانەکانی ڕژێمی بەعس یەکێک لەو بەشانەی مێژووی کوردستانن کە ژنانیش تێیدا ئەزموونی زیندان و سەختییەکانیان تێپەڕاندووە. ژنانی زیندانی، لە ژێر بارودۆخی سەختدا، بەشێک بوون لە چیرۆکی خۆڕاگری و خەبات؛ چیرۆکێک کە ئازایەتی تەنها بە بەرگەگرتنی ئازارەوە پێناسە ناکات، بەڵکو بە پاراستنی ئیرادە، هەستی مرۆڤایەتی و هیواشەوە دەیبەستێتەوە ئازایەتی ژن لە زینداندا، تەنها لەوەدا نییە کە چەند سەختییەکی بەرگە گرتووە؛ بەڵکو لەوەشدا خۆی دەبینێتەوە کە چۆن لە دۆخێکی دژواردا هێزی ناوەوەی خۆی دەپارێزێت و ڕێگا نادات دیوارەکانی زیندان، ئیرادە و کەرامەتی مرۆیی لەناو بەرن.
لە پشت هەر ژنێکی زیندانی، چیرۆکێک هەیە؛ چیرۆکی خێزانێک کە لە چاوەڕوانیدا بووە، دڵێک کە بە هیواوە ژیاوە و ژنێک کە ئەزموونی زیندان بووەتە بەشێک لە یادەوەریی ژیانی. ئەم چیرۆکانە پێمان دەڵێن کە مێژووی ژنان نابێت لە لاپەڕەکانی مێژوودا ون بێت، چونکە ئەوانیش بەشێکی گرنگی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە باسکردنی ئازایەتی ژنان لە زیندانەکانی بەعس، تەنها گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نییە؛ بەڵکو ڕێزگرتنە لە ژنانی ئەو سەردەمە، داننان بە ئەزموونەکانیان و هەوڵدانە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بزانن ژنانی کورد چۆن لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخە سەختەکاندا بەشێک بوون لە مێژووی خۆڕاگری و مانەوەی کۆمەڵگاکەیان.
تانیا محەمەد ئەحمەد نووسەر وتی: من لەشاری هەڵەبجە لەدایک بووم خوێندنم لەوێ تەواو کردوە لەکولێژی پژیشکی وەرگیرام لەبەغداد بەلام لەبەر باردۆخی ئەوکاتەی بەغداد نەمتوانی بچمە ئەوێ لەبەر ئەوەی خەڵکیان دەگرت لەبانق دامەزرام ماوەی سی سال کارم کرد دواتر ڕژێمی ئەوکاتەیی بەعس دایان بەسەرماندا گرتیانم پەرتووکەکەم بەناونیشانی «لەزیندانەکانی بەعسەوە بۆ شاری خۆم ئەڵمانیا »هەموو ڕیکخراوەکان لەزیندانی بوون لەوکاتەدا بەدەست ڕژێمی بەعسەوە دەیانالاند نزیکەی سێ مانگ گیرام بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەیان دەدام لییان دەداین گوزارەرانێکی زۆر ناخۆشمان هەبوو دەبراینە نەخۆشخانەکان پەرتووکە باس لەوە دەکات هەموو ڕێکخراوەکان قوربانیانداوە هەموویان دژی ئەو نیزامە خراپەی تێکۆشاون قورباینیان داوە لەزیندانەکاندا منداڵیان لەبارچووە لەزیندانەکاندا من لەگەل چەند خوشک و برایەک گیرابووم خۆراگربوون ئەوکاتە لە حزبی شوعی کارمان دەکرد چالاک بوون گیراین ئێم ە هیتافمان دەکرد دەمانووت سەر بۆ ئەم ڕژیمە خوێنڕژە دانانەوێنین ئێوە نیزامیکی بەعسی درندەن دەیانبردین لێیان دەداین لەنەخۆشخانەکان زۆر یارمەتیان دەداین بەردەوام یارمەتی ئەو ژنانەیان دەدا کە ژیانیان خراپ بوو لەژێر ئەشکەنجەدا برینداربوون بەچاوبەستراوی دەیانهێناین و دەیانبردین من کە چوومە ولاتی ئەڵمانیا دەستم کرد بەنووسینی پەرتووکەکە بە زمانی کوردی و ئەڵمانی بەزمانی ئەڵمانی چاپی دەکەم بۆیە بزانن ژنانی کورد بەردەوام شۆڕشگێڕ و قارەمان بوون خەباتیان کردوە بۆ ئاوەدانی کوردستان.