لە وڵاتی سعودیە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوونە
حزبی ئەلتەجەمع الوەتەنی نەرویجی، دەسەڵاتدارانی سعودییەی تۆمەتبار کرد بەرامبەر زیادبوونی توندوتیژییەکان دژی ژنان لە وڵاتی سعودیە
حزبی "التجمع الوطني"ی نەرویجی، دەسەڵاتدارانی سعودییەی تۆمەتبار کرد بەرامبەر زیادبوونی توندوتیژییەکان دژی ژنان لە وڵاتی سعودیە
ناوەندی هەواڵ
بە گوێرەی ماڵپەڕی "لێکس"ی سعودی، حزبی "التجمع الوطني" جەخت لە پەرەسەندنی سیستمی پیاوسالاری و زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سعودیە دەکاتەوە، هەروەها بەرپرسیارێتی خراپتربوونی دۆخەکەی خستووەتە ئەستۆی دەسەڵاتداران کە بێدەنگ بوونی حکومەتی سعودیە و بێهەڵوێستییان بووەتە هۆکارێک کە توندوتیژییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، حزبەکە ئیدانەی ئەو زوڵمانەی کرد کە لە سعودیە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، هۆکارەکەشی گەراندەوە بۆ بێدەنگی و بێباکی حکومەتی سعودیە و نەبوونی یاسا بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
بەیاننامەکە جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکاتەوە:
"هیچ ڕێسایەکی توند بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە سعودیەدا نییە و دەسەڵاتدارانی سعودیە دەبێت دەستبەجێ شەڵتەرێکی سەلامەت دروستبکەن لە سعودیە وەک پەناگەیەک بۆ قوربانیان، ژنان و منداڵانی هەر نەتەوە و ڕەگەزێک بەبێ جیاوازی.
ئەو حزبە ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوان و ئەشکەنجەدان و گێچەڵکردنی سێکسی بەو کەسانەی کە داوای ڕەتکردنەوەی جیاکاری ڕەگەزی و پیاوسالاری و هەروەها کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەو وڵاتەدا دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا داواکراوە، کە کۆتایی بە سەرکوتکردنی چالاکوانانی ژن و قوربانیان بێت کە داوای هاوکاری دەکەن دژی توندوتیژی، چەندین چالاکوانی ژن بۆ رزگاربوون لەو توندوتیژی و سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە پەنایان بردووەتە بەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ئەوانەشی پشتیوانیان لێ کردوون کراونەتە ئامانج و هەوڵی سەرکوتکردنیان دراوە.
ت.پ