لە سلێمانی دژی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان گردبوونەوەیەکی فراوان ئەنجامدرا

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە دژی پلانە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بە دروشمە جیاوازەکان ڕژانە سەر شەقام و گردبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

 ئەمڕۆ، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، دژی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بە مەبەستی پشتیوانی و شەرمەزار کردنی ئەو پلانە نێودەوڵەتییەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان ئەنجامدەدرێت، گردبوونەوەیەکیان سازکرد، کە تێێدا سەرجەم چین و توێژەکان و هونەرمەندان، بە دروشمەکانی " بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، " بژی بەرخۆدانی یەپەگە"، پشتیوانی گردبوونەوەکەیان کرد.

 

بێریڤان محەمەد، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: ئەو هێرشانەی کە  بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا پیلانێکی بۆداڕێژراوبوو، بۆیە لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بانگەوازی دەکەین لەپێناو مافی کورد بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەن، هەروەها ئێمە بە هێزی ''هەسەدە'' پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا دەکەین و بانگەوازی بۆ پشتیوانی و سەفەربەری دەکەین.

 

هاوکارعیزەت، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم پیلانگێڕییە بە هەمان فکری داعش دەستی کردووە  کە ئەویش فکری خۆسەپاندنە، هەروەها دوای پەلاماردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، هەڵپەیان بۆ ناوچەکانی تر بردووە، کە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان لە دژی شەڕڤانان پشتیوانی دوژمن دەکەن، بۆیە ئێمە وەک گەلی باشوور پشتیوانیمان بۆ ڕۆژئاوا بەردەوامە و داواکارین سنوورەکانی سێمێڵکا بەڕووی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا بکرێتەوە، هەروەها بەردەوامی بە چالاکی و گردبوونەوەکانمان دەدەین.

 

شێرکۆ حەمە ئەمین، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، وتی: پشتیوانی لە خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، ئێمە پشتیوانی لەسەفەربەری دەکەین، پێویستە یاساکان جێبەجێ بکرێن و سنووری سێمێڵکا بکرێتەوە تا هاوکارییەکان بۆ کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەیەنین، هەروەک جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی وتی: ئەوان لە پلانگێڕییەکی جیهانیدان و ڕێککەوتنەکانیش هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام شەڕڤانان سەردەکەون.

 

ئاوارە کوردی، هونەرمەند، وتی: ئێمە وەک هونەرمەندان پشتیوانی لەگەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان دەکەین، هەروەها ئێمە دەبێت ئەمڕۆ پشتیوانی و هاوکاری تەواوی کوردبین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە هەموومان شەهید دێنیزین، داواکارم لە هونەرمەندان و نووسەران بێنە شەقامەکان و پشتیوانی لە گەلی کورد بکەین نەک لە ماڵەکانماندا دابنیشین. 

 

''ئەو بارودۆخەی خوڵقێندراوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەستنییە بە یەک پارچەی کوردستانەوە''

سنوور کەریم، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیانەوە بەردەوام لە هەوڵی پشتیوانییەکاندان بۆ کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ئاینی و نەتەوایەتییەوە گەل بەشداری لە خۆپشاندان و گردبوونەوەکان بۆ مافی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەو بارودۆخەی خوڵقێندراوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەستنییە بە یەک پارچەی کوردستانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوی پارچەکانی تری کوردستانەوە، بۆیە بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر هەر تاکێکی کوردە، هەر کوردێکیش هەست بە بەرپرسیارێتی و هەستی نەتەوایەتی بکات، دەبێت بەشداری لەم گردبوونەوانەدا بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ئەم بارودۆخە بە پشتیوانی دووڵەتانی داگیرکەر بۆ گەلی کورد خوڵقێندراوە، بۆیە کورد لێرە و لە تەواوی پارچەکانی تر پێویستی بە پشتیوانی هەیە، دەبێت لە تەواوی ناوچەکان کورد دەنگ بڵندبێت، هەروەها شەرمەزاری ئەو ڕێکەوتن و کۆنگرانەبکەین کە دژ بەکورد ئەنجامدراون.

 

" ئێمە پشتیوانی لە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین"

هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی ژنان، وتی : ئێمە هەموومان یەک گەلین و پێویستە یەک و یەکگرتووبین، هەروەها ئێمە بە قۆناغی ئاوارەبووندا تێپەڕیوین دەزانین گەل لە ڕۆژئاوا لە چ بارودۆخێکدا ژیان دەکات، بۆیە لەسەر ئەو بارودۆخەی کوردان لە ناوچەکەدا هەڵوێستمان هەیە و بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ژنانی ئێمە هەردەم ژنانی پێشەنگبوون، ئێمە پشتیوانی لە ژنان و پیاوان لە ڕۆژئاوا دەکەین، کە بەرگری لە خاکی باشووری کوردستان دەکەن.

 

''ئێمە ڕەگی کوردایەتیمان داکوتییوە، ئەگەر گەڵاکەمان لێبکەنەوە قەدەکەمان دەمێنێت''

ئاوارە کوردی، هونەرمەند، وتی: ئێمە بەرامبەر تەواوی پارچەکانی کوردستان هەڵوێستمان دەبێت، وەک هونەرمەندێک پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم، لە ڕۆژئاوا داگیرکەران لەژێر ناوەکانی ئایین و کولتوور و ژنەوە هێرشدەکەنە سەر گەلی کورد و دەیانەوێت گەلی کورد لە ناوببەن  ، بەڵام کورد لە ناو ناچێت، ئێمە کوردین و موسوڵمانین، ئێمە لەو داعشانە بەدینترین، هەر لە ئایندا هاتووە کە بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین، ئێمە نەچوینەتە خاکی کەسەوە و بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئێمە ڕەگی کوردایەتیمان داکوتییوە، ئەگەر گەڵاکەمان لێبکەنەوە قەدەکەمان دەمێنێت، ئەگەر قەدەکەمان ببڕنەوە ڕەگمان داکوتیوەو ڕەگمان دەمێنێت، کورد لە مێژە ڕەگی پتەوکردوە و لە ناوناچێت، گەلی کورد لە تەواوی پارچەکان بەرخۆدانی دەکات.