لە شەڕی جوتیار و خاوەن موڵکدا ژنێک کوژرا
پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوان جوتیار و خاوەن موڵکێکدا، لە شارۆچکەی شێخان ژنێک کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
پۆلیسی دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگای چڕە لە شارۆچکەی شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، لەسەر کێشەی زەوی و زار لە نێوان جوتیار و خاوەن موڵکێکدا، شەڕە تەقە دروستدەبێت و ژنێک دەکوژرێت.
ژنەکە تەمەنی ٣٠ ساڵە و دایکی سێ منداڵە و بە سەردان چووەتەوە ماڵی باوکی، لە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی شەڕە تەقەیەکدا کوژرا.
بەپێی زانیارییەکان کێشەی زەوی و زار لە نێوان جوتیار و خاوەن موڵکەکەدا ماوەیەکی درێژە بوونی هەیە و کێشەکەشیان گەیشتووەتە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆ، هەردوولا کۆبوونەوەتەوە و بەڵێنیان داوە کە زەوییەکە کشتوکاڵی تێدا دەکرێت تا بەڵگەی خاوەنداری موڵکەکە لەلایەن حکومەتەوە دەگەڕێتەوە.
بەهۆی گوێنەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کێشەکە و پاش ساڵێک نەگەڕانەوەی بەڵگەکان، شەوی ڕابردوو شەڕە تەقە دروستبوو، بەهۆیەوە ژنێک کوژرا.
پۆلیسی دهۆک ئەوەشی ڕاگەیاند کە تاوانبارەکان دەستگیرکراون و شەڕەکە کۆنترۆڵ کراوە.
ت.پ