لە سلێمانی سەرجەم توێژەکان سەردانی چادری مانگرتووان دەکەن

هاوڵاتیان لە کاتی سەردانیکردنیان بۆلای چادری مانگرتووەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمان دەڵێن: ئێمەی هاوڵاتی پێویستە بەردەوام لە ڕێگەی پشتیووانی و پێدانی هێز وورەیان پێبدەین، گۆڕانکاری گەورە بە هێزی گەل ئەنجام دەدرێت.

هێلین ئەحمەد

 

 سلێمانی_ خۆپیشاندان و مانگرتن لە خواردنی مامۆستایان ماوەی ٧ ڕۆژە بەردەوامی هەیە، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، دەستەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی، بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکان، پلە بەرزنەکردنەوەیان و تەوتینکردنی موچەکانیان، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، لە شاری سلێمانی، دەستیان بە مانگرتن کردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتنەکە، تادێت مەیدانی مانگرتووان زیاتر بەرفراوان دەبێت، لە ماوەی ٧ ڕۆژدا بەردەوام مامۆستایان، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، هاوڵاتیانی ئاسایی و کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت بۆ پشتیووانی سەردانی چادرەکانیان دەکەن.

 

هەروەها تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە چاودێریکردنی تەندروستی مانگرتووان، هاوڵاتیان لە ڕێگەی سەردانیەکانیانەوە پشتیووانی خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەردەبڕن.

"ئێمەی ڕۆژنامەنووسی ئازاد داواکاری و پشتیوانی مامۆستایان لە ڕێگەی میدیاکانمانەوە دەگەیەنینە جیهان"

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنوس پشتیووانی خۆی لە ڕێگەی سەردانیکردنی چادری مامۆستایانی مانگرتوو دەربڕی و وتی: زیاتر لە ١٠ ساڵە مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامن لە خۆپیشاندان و داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای مانگرتن و بایکۆتی خوێندن وەڵامی داواکارییەکانیان نادەنەوە، لە ناویاندا کەرتی پەروەردە لە سآڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوام بەرەو پەککەوتن دەڕوات، دەرئەنجامەکانی لەسەر خوێندکاران و کەرتی پەروەردە ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم کونسوڵی نەتەوەیەکگرتوەکاندا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، تا لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامیان نەدەنەوە ئامادەنین لە چادڕەکان بێنەدەرەوە و مانگرتنی خواردن بشکێنن، پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام پستیووانی لە بەرخۆدانی مامۆستایان بکەن، ئێمەش وەک ڕۆژنامەنووسی ئازاد وەک ئەرکێک سەردانی مامۆستایانی مانگرتوومان کرد و پشتیووانی خۆمان بۆیان دوپات دەکەینەوە.

 

سنور ڕەحمان لە کۆتاییدا وتی: ئەم چالاکیی مانگرتن لە خواردن و خواردنەوەیە لە دوای ١٠ ساڵی هەڵوێستی مامۆستایە، کە ئامانجیان چارەسەر کردنی کێشەکانی مامۆستایانە، ئێمەی هاوڵاتی و ڕۆژنامەنووس بۆ پشتیوانکردنی مامۆستایانی ناڕازی و مانگرتوو لێرەین، ئامانجمان گەیاندنی دەنگیانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانمانەوە، هەبوونی ئەم هەڵوێسەی مامۆستایان دەرئەنجامی گەورەی بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی حکومڕانیدا دەبێت، ئێمەی ڕۆژنامەنووسی ئازاد پستیوانی لە ئیرادە و بایکۆتی مامۆستایان دەکەین، ئەو پەیامەی ماوەی ١٠ ساڵە مامۆستایان هەڵیانگتووە بگەیەنینە تەواوی جیهان.

 "پێویستە هەموو کوردێک بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بڕژێنە سەر شەقامەکان"

عالیە عوسمان فەقیە ئەحمەد، هاوڵاتی کە مانگرتووی ساڵی ١٩٩١بووە، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی و خراپی تەندروستی بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی مانگرتوو، سەردانی چادری مامۆستایانی مانگرتووی کردو وتی: ئێمەی گەلی کورد لە پێناو خاکماندا شەهید و قوربانیمانداوە، لە خێزانەکەمدا چەندین شەهید و قوربانی تێدایە بەڵام پێویستە ئێمەش هەمان ڕێچکەی شەهیدانمان بگرینەبەر بۆ داواکردنی مافەڕەواکانی خۆمان، ئێمە ٣٤ ساڵ پێش ئێستا هاوڵاتیانی مانگرتووبووین بۆ داواکردنی مافەڕەواکانی خۆمان شەقامەکانمان دەگرت، لە پێناو ئازادبوونی کوردستان چەندین شەهید و قوربانیماندا، ئازادبوون و بەدەستهێنانی مافەڕەواکانمان پێویستی بە قوربانیدان دەبێت، من سەردانی مانگرتوانم کرد تا بتوانم لە ڕێگەی پشتیوانییەکانامەوە ورەیان پێبدەم، بەهۆکاری تێکچوونی تەندروستیمەوە پزیشکەکانم ڕێگەم پێنادەن لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەراندا مان لە خواردن بگرم، هەرچەندە لەبەر تێکچوونی تەندروستیم مندآڵەکانم ڕێگەم پێنادەن لەگەڵیاندا بمێنمەوە، بەڵام بەردەوام دەبم لە پشتیوانی کردنیان.

 

دایە عالیە لە کۆتاییدا وتیشی: لەبەر خراپی تەندروستیم نەبێت لە ناو چادرەکەدا لەگەڵیان دەمێنمەوە و پشتیوانیان لێ دەکەم، نەبوونی خواردن نابێتە هۆی مردنی هیچ کەس، سەرشۆڕکردن بۆ دەسەڵاتێکی گەندەڵ دەبێتە هۆکاری سەرشۆڕبوونی گەلی کورد، پێویستە تەواوی هاوڵاتی کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ دابینکردنی مافەڕەواکانی خۆیان.