لە نێوان مۆدێرنیتەو ناسنامەدا گەنجان یەکدەنگیان هەڵبژارد
یەکدەنگی گەلی کورد هێزێکە کە توانی ڕۆژئاوای کوردستان لە قوربانییەوە بگۆڕێت بۆ ئاماژەی بەرگری و ئازادی و پێکەوەی گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی تری کوردستان.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ لە کاتێکدا گەنجان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و میدیا و بیرکردنەوەی نوێوە پەیوەندییەکانیان بە نەتەوە و ناسنامەی کوردی گەورەتر کردووە، لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: ئایا ئەم پەیوەست بوونە یارمەتی یەکدەنگ بوونی گەلی کورد دەدات؟، یاخود جیاوازی نێوان نەوەکان و گۆڕانکاری سەردەمەکان دەردەخات؟.
گەنجان لە کوردستان لە جیهانێکی کراوەدا گەورە بوون، جیهانێک کە تێیدا زانیاری خێراو بۆچوونی جیاواز و کولتووری جیاوازی تێدایە، ئەم بارودۆخە هەستکردن بە کورد بوون و هەڵگرتنی ناسنامەی نەتەوایەتی لە ناو گەنجاندا گۆڕی و شێوازی پەیوەست بوونیان بە کوردستان و نیشتیمانیان نوێکردۆتەوە، ئەگەر نەوەکانی پێشتر تەنها کار و خەباتیان کردبێت بۆ ئازادکردنی بەشێکی کوردستان، ئەوا ئەمڕۆ گەنجان کار دەکەن بۆ یەکبوونی کوردستان و دەڵێن: ''یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە''، هەروەها ئەوان دەیانەوێت گەنجێکی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوا شەهید ببێت،گەنجێکی باکوور لە باشووردا خزمەت بکات، نەتەوە تەنها خاک و مێژوو نییە، بەڵکو نەتەوە دەنگێکە کە لە کاتی یەکگرتندا خۆی نیشان دەدات، یەک دەنگ بوونی گەلی کوردیش ئەزموونێکی قوڵی مرۆڤایەتییە کە لە نێوان هەست و بیرکردنەوە و هیوای هاوبەشدا دروست دەبێت.
شارەزایان دەڵێن کە گەنجان ناسنامەی نەتەوە و یەکگرتن بە شێوەیەکی جیاواز لە نەوەکانی پێش خۆیان تێدەگەن، بۆ ئەوان نەتەوە تەنها مێژوو و هونەری کلاسیک نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ژیاندارە کە لە ڕێگەی میدیا و هونەر و زمان و هۆشیاری کۆمەڵایەتی نوێوە دروست دەبێت، لە هەمان کاتدا هەندێک لە پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر گفتوگۆ و لێکتێگەشتنی نێوان نەوەکان بەردەوام نەبێت، ئەوا جیاوازی فیکری و شێوازی ژیان دەکرێت ببێتە هۆی دروست بوونی دووبەرەکی و لاواز بوونی یەکدەنگی گشتی، بۆیە پێویستە لە پێناو یەک دەنگی و یەکگرتووی گەلی کوردا، جیاوازی فیکری و دینی و شیوازی ژیانکردن وەلا بنرێت و پێکەوە بە یەک دەنگ کار و چالاکی بکرێت لە پێناو داهاتووی گەل و زمان و کولتووری کوردیدا.
یەکدەنگی گەلی کورد تەنها هەستێکی سۆزدارانە نیە، بەڵکو هێزێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەعنەوییە کە دەتوانێت هەموو مێژووی ڕۆژئاوا بگۆڕێت، هەروەها کاتێک کورد لەسەر ئاستی گشتی و نێودەوڵەتی یەک دەنگ دەبن، ڕۆژئاوا لە نێوان فشار و بێدەنگیدا نامێنێت، بەڵکو دەبێت بابەتی گفتوگۆ و پشتگیری و بەرپرسیارێتی.
ڕۆژئاوا ناوچەیەکە کە بەردەوام لە نێوان شەڕ و فشاری سیاسی و هێرشە جیاوازەکاندا ژیان دەکات، بۆیە یەک دەنگی گەلی کورد دەتوانێت ئەم فشارانە کەم بکاتەوە، چونکە هەر هێرشێک لەسەر ڕۆژئاوا، وەک هێرشێک بۆ سەر هەموو کورد دادەنرێت، هەروەها ئەم هەستە هاوبەشییە پاراستنێکی مەعنەوی و سیاسی دروست دەکات.
ڕۆژئاوا بۆتە ئاماژەی بەردەوامی و ژیان، نە تەنها ناوچەیەکی شەڕ، مێژووش هەمیشە لەگەڵ ئەوانەیە کە یەک دەنگ بوون، بۆیە ئەگەر کورد بتوانێت ئەم یەک دەنگییە بەردەوام بکات، ڕۆژئاوا تەنها بابەتی پاراستن نابێت، بەڵکو دەبێتە نموونەیەک بۆ چۆنیەتی دروستکردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک لە ناوچەکەدا.
خۆپیشاندانەکان و یەک دەنگی گەلی کورد، بە تایبەتی لە باشوور، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە سەر شەڕڤانانی ڕۆژئاوا و هەموو ئەو کەسانەی کە بەشداری سەفەربەری بوون، کە لە سەرجەم شوێنە جیاوازەکانی کوردستانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوا کرد، ئەمەش کوردانی ڕۆژئاوای کوردساتنی دڵخۆش کرد کاتێک بینیان هەموو گەلی کورد لەتەواوی پارچەکانی تر یەک دەنگ بوون، هەروەها گەلی باشوور بە خۆپیشاندانەکان نیشاندا کە لە ڕووی بەرپرسیارێتی و ئەخڵاقی و مەعنەوییەوە، پشتگیریان لە خەباتی شەڕڤانان کردووە.
''ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر ڕۆژئاوا یەکدەنگی گەلی کوردی بە دوای خۆیدا هێنا''
سۆز عەبدولقادر بابان، چالاکوانی ژنان، وتی: لە سەرەتاوە دەمەوێت سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدەکانمان و قوربانییەکانمان دانەوێنم، لە هەمان کاتدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەخوازم، دیارە ئەو قۆناغەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا دروست بووە، دەتوانین بڵێین کە قۆناغێکی نوێیە، بە درێژای مێژوو چەندین قۆناغمان تێپەڕاندوە و چەندەها کارەسات هاتووە بەسەرماندا، بۆیە ئەم کارەساتانە یەک لە یەک دڵتەزێن تر بوون، لەوانە کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و لەسێدارەدان و گرتنی سەرکردە سیاسییەکانمان، بەڵام کاردانەوەکان بە پێی ئەو قۆناغە لە ئاست خواست و تموحی نەتەوەی کوردا نەبووە، بەڵام ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر ڕۆژئاوا یەکدەنگی گەلی کوردی بە دوای خۆیدا هێنا، ئێمە زۆرمان پێناخۆشە کە خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە لە لایەن دەوڵاتانی داگیرکەرەوە، کە بەبێ ڕەچاوکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، منداڵ، نەخۆش، بەتەمەن، هێرش کرایە سەریان و هەوڵی لەناوبردنیان درا، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بە قۆناغێکی زۆر گرنگ لە مێژووی خۆماندا دایبنێین کە ئەویش قۆناغی دروستکردنی یەک دەنگی گەلی کوردە، نەک بە شێوەیەکی ناوخۆیی یاخود تەنها لە بەشێکی کوردستاندا، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرتاسەری لە هەموو کوردستاندا، تەنانەت ئەوانەشی لە تاراوگەدان پشتیوانییەکی بێوێنەیان نیشاندا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم پشتیوانییە وای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێتە سەر خەت بۆ ئەم کارەساتە، هەروەها پێویستە ئێمە پێش ئەوەی گەلانی تر پشتیوانیمان بکەن خۆمان یەک دەنگ بین و پشتیوانی یەک بین، گەر ئێمە خۆمان یەک دەنگ بین ئەوا گەلانی دیکەش هاوکار و پاڵپشتمان دەکەن، ئەم ڕووداوە کارەساتێک بوو لەگەڵ هەموو ناخۆشییەکانی و هەموو نەهامەتییەکانی، ئومێدێکی گەورەی دایەوە پێمان کە گەلی کورد گەلێکە بە هیچ شێوەیەک نابەزێت و نامرێت و لەگەڵ هەموو کارەساتێکدا ئێمە هەڵسانەوەیەکی دیکە دەکەین.
''تواندرا کە یەکدەنگی گەلی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات بگەیەنینە دونیای نێودەوڵەتی''
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە میلەت و نەتەوەیەکی هێندە بەخشندەین کە پشت لە نەتەوەکەی خۆمان و کەسوکاری خۆمان ناکەین، ئێمە مادەم خۆمان هەین و یەکترمان هەیە هەرگیز نانەوێین، هەروەها قۆناغەکانی پێشوو هەمووی کردومانەتە سەر ئەزموونی گەلەکەمان، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین کە سەردەمی کرانەوەی کۆمەڵگەیە و سەردەمی ئینتەرنێت و سەردەمی میدیای بەهێزە و ئەمانە هەموویان کاریگەری زۆریان هەیە، لە رێگەی ئەو پێشکەوتانەوە تواندرا کە یەکدەنگی گەلی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات بگەیەنینە دونیای نێودەوڵەتی، ناتوانین نکۆڵی لە دەوری میدیا بکەین و میدیا دەتوانێت بە تەواوەتی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان و نارەزایەتییەکان بکات، هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد یەکدەنگی لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت، هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنج و دڵ خۆشی بوو لەم خۆپیشاندانە گەنجان بوو کە بە شێوەیەکی زۆر نیشتیمان پەروەرانە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی بە شێوەیەک کە گوزارشت لە داب و نەریت و کولتووری کوردی بکات، هەروەها توانیان لە لوتکەی هێز و یەک دەنگیدا خۆپیشاندانەکان نیشانی هەموو دونیا بدەن.
''هەموو بەشداربووان بە منداڵ و گەنج و پیر بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد کە ئێمە کوردین ئێمە نانەوێین''
وتیشی: من وەک دایکێک و وەک ژنێک دەمەوێت باسی بابەتێکی دیکە بکەم کە زۆر جێگەی سەرنجم بوو و زۆر دڵم پێ خۆش بوو، ئەوەبوو کە لەم هەموو خۆپیشاندانانەی کە دەکرا، من یەکێک بووم لە ئامادەبوانی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، هەروەها کارێکی نەشیاوم نەبینی کە لەناو ئەم خۆپیشاندانەدا دەربکەوێت، بە پێچەوانەوە هەموو بەشداربووان بە منداڵ و گەنج و پیر بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد کە ئێمە کوردین ئێمە نانەوێین، هەروەها بە بێ ئەوەی کەسێک لە کەسێک بکەوێت بە نیازێکی ناشرین خۆپیشاندانەکان بەڕێوەچوو، ئەمە ش بووە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە هیواو ئاواتمان ڕوو لە سەرەوە بێت و هیوامان بە دونیایەکی نوێ هەبێت و بتوانین ئەم سەردەمە و سەدەی ٢١ بکەین بە سەدەی کورد، هەروەها دەتوانین بڵێن ئەم ناڕەزایەتییانە لە هەر لایەکەوە کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەیت دەبینین کە نوێگەری پێوە بوو، ئەگەر ئێمە سەردەمانێک خەباتی ژێرزەمینیمان کردبێت و کە بەشێکی خەباتی چەکداری بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو قۆناغە کۆتایی هاتووە، ئێستا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی جیهانین، کەواتە دەبێت خەباتەکەش لەگەڵیدا بگۆڕێت و ئەوەی لە باشوور و لە تاراوگەشدا ڕوویدا دەتوانین بڵێن نیشانیدا کە شێوازی خەباتێکی مۆدێرن بوو ، هەروەها توانرا زیاتر برەو بە خەباتمان بدرێت، هیوادارم کە ئەمەی ڕوویدا لە هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان ڕوو نەداتەوە و ئێمەش بتوانین هەر بەو شێوازە یەک دەنگبین و بتوانین خەباتەکەی خۆمان بەردەوامی پێبدەین و زیاتر هەوڵی پێشخستی بدەین.
''ئێمە هەموو دایکین ئەگەر دایکان قوربانی نەدەن ئەوا خەباتی گەلەکەمان سەرکەوتوو نابێت''
لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: دەمەوێت وەک دایکێک پەیامێک بنێرم بۆ دایکی شەهید ئەحمەد، کە یەکەم شەهیدی باشووری کوردستان بوو لە ڕۆژئاوا، من کوڕی ئەو بە کوڕی خۆم دەزانم و منداڵی هیچ لایەکمان لەگەڵ ئەوی دیکەدا جیاوازی نییە، ئێمە هەموو دایکین ئەگەر دایکان قوربانی نەدەن ئەوا خەباتی گەلەکەمان سەرکەوتوو نابێت، هەروەها ئەوەی گەنجان کردیان جێگەی ئومێد و هیوایە و دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت کە گەنج لە هەموو دونیادا پێشەنگی خەباتە، چونکە ئەو توانا و وزەیەی کە لە گەنجدا هەیە زۆر زیاترە، هەروەها ئێمە لە سەردەمی خۆماندا پێشەنگی خەبات بووین لە کوردستان، بۆیە گەنجی ئەمڕۆش سەلماندیان کە پیشەنگی خەباتن و دەبێت بە هەموو شێوەیەک دەستبەرداری ئەم یەکدەنگیە نەبین و زیاتر هەوڵی بەرەوپیشبردن و سەرخستنی گەلی کورد بدەین.