لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە ١٤ ژن و دوو منداڵ لە ئەفغانستان کوژران

لە ماوەی مانگی شوبات و ئاداری ئەمساڵدا بە لانیکەم ١١ ژن و دوو منداڵ لە ئەفغانستان کوژراون و ژنێک بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا پێنج ژن و منداڵ کوژران. ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی توندوتیژی دژ بە ژنانە.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- دۆخی ژنان لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە یەکێک لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی مێژووی سەردەمی ئەو وڵاتە.

 

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە کایە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئابووری دوور خراونەتەوە، ئەم سیاسەتانە بریتین لە سنووردارکردنی خوێندنی منداڵانیکچ، قەدەغەکردنی دامەزراندن لە زۆرێک لە دامەزراوەکان و سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر بەشداری کۆمەڵایەتییان، کە بە شێوەیەکی کاریگەر ژنان پەراوێز دەخرێن. ئەم دۆخە نەک هەر مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێل دەکات، بەڵکو قەیرانێکی قووڵ بۆ پەیکەری کۆمەڵایەتی ئەفغانستان دروست دەکات.

 

لە دیارترین سیاسەتەکانی ئەم قۆناغەدا دامەزراندنی شێوازێکی "کۆنتڕۆڵی تەواو" بەسەر ژیانی ژناندا هەیە. یاسا و فەرمانەکان کۆنترۆڵی توند بەسەر جەستە و ڕەفتاری ژناندا دەسەپێنن، خێزانەکان دەگۆڕن بۆ ئامرازی کۆنترۆڵکردن و ئازادیی ژنان بێبەش دەکەن تەنانەت لەناو ماڵەکانی خۆیاندا.

 

هاوتەریب لەگەڵ ئەم سنووردارکردنانە توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا دەیان حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمارکراون، کە بەشێکی زۆریان لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەلایەن ژنانەوە یان بەرگریکردنیان لە مافەکانیان بووە، هەروەها حاڵەتی بەربڵاوی لێدان، دەستگیرکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و توندوتیژی سێکسی بەڵگەدار کراوە.

 

لە مانگی شوبات و ئاداری ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی کوشتن و مردنی گوماناوی بڵاوکرایەوە، زۆرجار پەیوەندییان بە توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هەژاری و فشارە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبووە، ئەمەش جگە لە بەئامانجکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانان، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ترس لە کۆمەڵگەدا.

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستانی گوماناوی لە نێو ژناندا لە کارەساتبارترین دەرئەنجامەکانە، کە سەرچاوەی گرتووە لە فشارە دەروونییەکان و بێهیوایی و بێبەشبوون لە خوێندن و دامەزراندن.

 

وردەکارییەکانی ئەو ڕووداو و تاوانانەی کە ئەمساڵ ڕوویانداوە بریتین لە کوژرانی ١٣ کەس کە پێنج ژن و منداڵ بوون، لە هێرشێکی ئاسمانی پاکستان لە ناوچەی خۆژیانی سەر بە پارێزگای نەنگەهار لە ٢٢ی شوباتدا، هەروەها منداڵێکی کچی تەمەن ١٦ ساڵ لە ٢٥ی شوباتدا لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

 

لە ٢٥ی شوباتدا، ژنێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە پارێزگای بەلخ کوژرا، دوای هاوسەرگیری زۆرەملێ و لێدانی لە لایەن خەزووریەوە.

 

لە ٣٠ی ئاداردا لە پارێزگای فرا کەسێک دایک و براکەی کوشت و دوو کەسی دیکەی بریندار کرد. هەروەها لە هەمان پارێزگا ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

 

ڕۆژی ١١ی ئادار لە شاری بادغیس ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و ڕۆژی دواتر مامانێک لەناو بنکەیەکی تەندروستی لە شاری قندوز کوژرا، لە ١٩ی ئاداردا، کارمەندێکی تەندروستی بە ناوی سەحەر زاولزای و کوڕەکەی لە شاری نورستان بە تەقەی هێزەکانی پاکستان کوژران، لە ٢٨ی ئاداردا، دوای ئەوەی لە غەزنی تووشی توندوتیژی خێزانی بوو، تەرمی ژنێکی گەنج لەناو بیرێکدا دۆزرایەوە. لە ٣٠ی ئادار لە شاری کاپیسا ژنێک و منداڵەکەی فڕێدرانە ناو بیرێکەوە؛ دایکەکە گیانی لەدەستدا و منداڵەکەش بریندار بوو، لە نەنگەهار بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە ژنێکی گەنج کوژرا و ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە هیرات لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

جگە لەوەش لە هێرشێکدا، بۆ سەر مزگەوتێکی شاری هیرات ٣٥ کەس کوژراون کە دوو ژنیان تێدایە، لە جوزجان ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.