لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تۆقێنەرە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابدوودا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، سێ ژن خۆیان کوشت، ژنێک هاوژینەکەی دەکوژێت، جگە لەمانەش دوو هێرشی چەک و هەڕەشەی کوشتن تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامارەکانی کوشتن و هەڕەشەی کوشتن  بە تایبەت بۆ سەر ژنان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە، تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ ژن خۆیان کوشتووە و لە چەند ناوچەیەکی جیاشدا هەڵکوتانی چەکداری بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە.

 

کەلار

ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شارۆچکەی کەلار، ژنێک بەناوی م. ف. ح. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بە خۆکوشتنەکەی داوە کە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاندووە، بە وتەی کەسوکارەکەی بە هۆی کێشەی خێزانیەوە بووە لەدوای ڕووداوەکە تەرمەکەی بە مەبەستی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کەلار کراوە.  

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان ڕایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ژنەکە دەکەنەوە و ڕەوانەی بەشی توندوتیژی ئافرەتان دەکەن تا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری ڕووداوەکە بکرێت.

 

سلێمانی

هەمان ئێوارە لە گوندی ژاڵەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژنێکی گەنج بە ناوی کیژان و تەمەن ١٩ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاند کە هەشت مانگ بوو هاوسەرگیری کردبوو، بە وتەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی خێزانی ژنەکە سکاڵایان لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، تا ئێستاش دەستگیر نەکراوە.

تەرمی کیژانی ١٩ ساڵ لە دوای ڕووداوەکە براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

 

کەرکوک

لە گوندی قولی بەگی سەر بە شارەدێی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ژنێک بە ناوی فێنک تاهیر تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ بووە بە دوو گولە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە، بە وتەی خێزانەکەی ماوەیەکی زۆرە توشی شێرپەنجە بووە و بە هەموو لەشیدا بڵاوبووەتەوە، فێنک،لە دواین پۆستی لە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی خۆی لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە ٤ی شوبات نوسیویەتی "منێک کە لە ژانەوە هاتووم، تاوەکو بژیم، دەمویست هەموو جەنگەکان هی من بووان"

 

خۆکوژی ژنان تەنها ڕووداوێک نییە، بەڵکو لە پشت هەر ڕووداوێکەوە هۆکارێک هەیە، بەڵام تا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەکراون و بیانووی شەرەف، نەخۆشی دەروونی و کێشەی کۆمەڵایەتیان دەخەنە پاڵ.

 

سەیدسادق

نیوەڕۆی دوێنێ لە سەیدسادق لە ڕووداوێکدا ژنێک مێردەکەی خۆی دەکوژێت، هەرزوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.

ژنەکە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٠یە و دانی بەوەدا ناوە هاوژینەکەی کوشتووە، هۆکارەکەشی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە بە هۆی هەبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەوە.

 

لێرەدا دەبێتە پرسیار؟ ڕۆژانە گوێبیستی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەبین کە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام تاوانباران دەستگیر ناکرێن، یاخود دەستگیر دەکرێن و پاش ماوەیەک بەردەدرێن، هەندێکیشیان کە دەسەڵاتی حیزب و کەسایەتییان لە پشتە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر ناگیرێت، بەڵام ژنێک کە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا هەوڵی خۆڕزگارکردن بدات، ڕاستەوخۆ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت.

 

جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن، دوێنێ لە دوو شوێنی جیادا دوو هەڕەشەی چەکداری ئەنجامدراوە.

 

هەولێر

گەڕەکى گڕەسور لە نزیک بنەسڵاوە لە شاری هەولێر، دوو پیاو بە چەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک ژنێک و دایکی لە ماڵەکەدان و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات.

یەکێک لە ژنەکان، هاوژینی برای ئەو پیاوەیە کە هێرشەکەی کردووە و ماوەیەکە مردووە، براکەشی هەڕەشە لە ژنەکە دەکات کە پارە و خانووەکانی بکات بە ناوەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو پیاوەی هەڕەشەی کردووە زۆرکات سەرخۆشە و بەکارهێنەری ماددەى هۆشبەرە، ژنەکەش خاوەن سێ منداڵە.

بەپێى وتەى ژنەکە تا ئێستا دووجار لە بنکەى پۆلیسی بنەسڵاوە سکاڵایان تۆمارکردووە و هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتە بەر.

 

هەر لە هەولێر، پۆلیس شەوی ١٧ی مانگ کەسێکیان دەستگیرکردووە کە بەهۆی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا ڕێکنەکەوتووە و تەقەی کردووە.

دوو لایەنەکە لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ توشی دەمەقاڵێ بوون، لە ئەنجامدا لایەنێکیان تەقەی كردووە و تێیدا کەس بریندار نەبووە.

هێزەکانی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبار ئ. م. ص. بە تۆمەتی تەقەكردن دەستگیر كراوە.

 

 

بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی چەک لە ماڵەکاندا و مامەڵە پێوەکردنیان بە یاسایی، سەروەر نەبوونی یاسا و خراپی دۆخی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە، تادێت دۆخی باشوری کوردستان بەرەو خراپی دەڕوات، توێژەرانی کۆمەڵایەتیش نەبوونی پەروەردە و سەروەری یاسا و میدیا بە هۆکاری هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی دەزانن.

 

ت.پ