لە مەڕاسیمی چوارشەممەی شەهیدی یەکبووندا، یادی شەهید ئەحمەد هێمن بەرز ڕاگیرا

لە شاری سلێمانی، بە دروشمی "شەهید نامرێت"، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهیدان و هاوڵاتیان، لە چوارشەممەی شەهیدی یەکبوون، لە مەڕاسیمێکی شکۆمەندانەدا یادی شەهید ئەحمەد هێمن کرایەوە.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بە دروشمی چوارشەممەی شەهیدی یەکبووندا، بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدی نەتەوەیی ئەحمەد هێمن، بە بەشداربوونی بنەماڵەی شەهید و هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکانی شاری سلێمانی، سەرەتا خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، وتنەوەی دروشمی " شەهید نامرێت"، دەست بە چالاکی کرا، پاشان بە دانانی تاجە گوڵینەی ڕێزوو وەفا پێشوازیان لە بنەماڵەی شەهید کرد. 


ڕووبار ئەحمەد، بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا وتی: دوای ئەوەی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، کورد پشتیوانی لە خاکی خۆی کرد، شەهیدی یەکبوونی کورد لە شەهید ئەحمەد هێمن نرا، بە هۆکار ئەوەی لە باشووری کوردستنەوە شەهید ئەحمەد و چەندین گەنجی باشووری کوردستان بەرەو سەفەربەری بۆ خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن، شەهید ئەحمەد شەهیدی ئێمەیە و پێشکەش بە خاک کرا، سوپاس بۆ بنەماڵەی شەهید و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید و تەواوی شەهیدان دادەنەوێنین. 

 

جەمال ئەحمد، مامی شەهید  ئەحمەد هێمن بەناوی بنەماڵەکەیەوە وتی: سوپاسی تەواوی پارچەکانی کوردستان دەکەین ، سوپاس بۆ ئەو ڕێزەی لە شەهید ئەحمەدمان گیرا، سوپاس بۆ تەواوی هاوکاریەکان کە پێشوازیتان بۆ گیانی پاکی شەهیدەکەمان کرد، سوپاس بۆ تەواوی شارەکانی کوردستان  بۆ بەدەم هاتنەوەی تەرمی شەهیدەکەمان، دایک و باوکی شەهید سوپاسی ئەو گەلە بە جۆشە دەکەن کە بۆ مەڕاسیمەکانمان هاتوون، بەڵێن دوپات دەکەینەوە ئێمە وەک خانەوادەیەکی وڵاتپارێز هەردم بەرگری لە خاکمان دەکین.


ئەحمەد قەرەموسی، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، وتی: شەهید ئەحمەد تەنها هی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، شەهیدی کەرامەتی تەواوی پارچەکانی کوردستانە، بۆ ئازادی و یەکڕیزی بۆ کورد بەرخۆدانی کرد، لە سەفەربەریدا شەهید بوو، بۆیە شەهیدی هەر تاکێکی کوردە، شەهیدی خاکی کوردە، من دەخوازم لە سەفەربەری ڕۆژئاوای کوردستان لە تەواوی پارچەکان کورد بچێت بەیەکڕیزی پارێزگاری لە خاک و ناسنامەی خۆی بکات، پێویستە بە باوەڕی و  هەبوونی خۆماندا و یەکێتی کوردان دەرکەوین بۆ ڕۆژئاوا، گەلی سلێمانی بە هۆشمەندی نەتەوەی نیشتیمانی لە باشووری کوردستاندا جێگەی قەدرو پێزانینە، داواکارم لە تەواوی بەرپرسان بەدەم بانگەوازی پێکەوەیەوە بچێن، تا کوردستانێکی ئازاد ژیان بکەین، سوپاسی تەواوی هاوڕێ و خانەوادەی شەهیدان دەکەین.

 

" شەهید ئەحمەد شەهیدی ئێمە و خاکی کوردستانە" 
کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی مافەکانی ژنان، وتی: شەهیدی گەنجی ۲۳ ساڵ شەهید ئەحمەد کە بەدەم سەفەربەری ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕۆیشت و لە سەنگەری بەرگرییەوە گیانی بۆ خاک و کوردستان بەختکرد، ناوی و مێژووی خەباتی لە ناو دڵ و ڕۆحمانا دەمێنێتەوە، ئەو مێژووی تۆمارکرد بۆیە مێژووش خاوەنداری لێدەکات، ئێمە هاتووین لێرە یەکبین بۆ بەخێرهاتنی ماڵباتی شەهیدان و پێیان بڵێین شەهید نامرێت، گەلی کورد  یەکبوونی خۆی ڕاگەیاندو ئێستا یەکە و ڕژاونەتە کۆڵان و شەقامەکان تا دەوڵەتانی داگیرکەر نەتوانن لەناومان ببەن، ئێمە پێکەوە سنوورە دەستکردەکانی کوردستانمان شکاند.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستاندا سیستمی خۆبەڕێوەبەری توانی ڕووبەڕووی دوژمنان بوەستێت،  لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان ڕۆڵیان لە بەرخۆدان و دانوستانەکاندا هەبووە، ئێمە بینیمان لە کاتی ڕێککەوتندا ژنان بەوپەڕی متمانەوە چونە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کە دەسەڵاتی ئەو تیرۆرستە ئەمەی پێ قبوڵ نییە، بەڵام ئێمەی کورد هۆشیارین و ژنان بە پێشەنگ دەزانین. 


" شەهید ئەحمەد کوڕی من و خاکی کوردستانە" 
باوکی ئەحمەد هێمن، وەک بنەماڵەی شەهید پەیامی خۆی لە ئاژانسەکەمانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دوپاتکردەوە، وتی: سوپاسی تەواوی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەم، سوپاس بۆ پشتیوانیتان لە دەرەوەی وڵاتەوە، سوپاس بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەو جەنگەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕویدا بەڵام بە مەڕاسیمێکی شکۆمەندانەوە تەرمی شەهیدەکەمیان ناردەوە بۆم، زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگریتان، دایکی لەبەر جێگیرنەبوونی تەندروستی نەیتوانی بێتە لای کوردانی شاری هەڵمەت و قوربانی و لەنسلێمانی بەشداربێت.