لە مانگی ئایاردا زیاتر لە یەک هەزار و ٢٠٠ توندوتیژی تۆمارکراوە
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، لە مانگی ئایاردا لە هەرێمی کوردستان یەک هەزار و ٢٤٣ توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراوە، زۆرترینیشیان لە پارێزگای هەولێر بوە.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، دوێنێ ٥ی تەمموز لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ئاماری توندوتیژییەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکانی کە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی مانگی ئایاردا ١٢٤٣ توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کە دوو ژن کوژراون، چوار ژن خۆیان کوشتووە، ٩ ژن سوتاون یان سوتێندراون، ١٦ دەستدرێژی سێکسی تۆماکراوە، یەک هەزار و ٢١٢ سکاڵاش تۆمارکراوە.
وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت، پارێزگای هەولێر زۆرترین توندوتیژی تێدا ئەنجام دراوە، کە ٥٤٨ توندوتیژی لەو پارێزگایە تۆمارکراوە، لە پارێزگای سلێمانیش ٣٢٠ توندوتیژی، لە پارێزگای دهۆک ٢١٣، لە گەرمیان ١٠٨، لە ڕاپەڕین ٣٤، لە سۆرانیش ٢١ توندوتیژی تۆمارکراون.