کاپتن حەنین، لە دۆسڵدۆرفەوە بۆ سلێمانی
کچێکی ئەڵمانی بە ڕەگەز عێراقی، بەناوی "حەنین مینا ئەل-رەبیعی" لە تیمی فڕۆکەوانی بەرپرس لە فڕۆکەیەکی کۆمپانیای کۆندۆر، یەکەم گەشتی لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی ئەنجام دا.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "سەیل"، حەنین وەک یەکەم کارمەندی بەڕەگەز عێراقی لە کۆمپانیاکەدا لە تیمی فڕۆکەوانی گەشتی بازرگانی دۆسڵدۆرف – سلێمانی بووە.
حەنین لەبارەی گەشتەکەوە وتویەتی: " دڵخۆشبووم بەوەی بۆ ئەم کارە هەڵبژێردرام، کۆمپانیاکەم دەزانن من عێراقیم، سەرەڕای ئەوەی خۆم لە ئەڵمانیا لەدایکبووم بە باشی عەرەبی نازانم، بەڵام هێشتا دەزانن کە ئەو وڵاتە نیشتیمانی دایک و باوکمە".
حەنین کە وەک یاریدەدەری کاپتن بەشداری لە گەشتەکەدا کردبوو، بەڵام فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکەی لە ئەستۆگرت و حەنین دەڵێت: "کاپتنی فڕۆکەکە پێی وتم لەبەر ئەوەی تۆ کچی وڵاتەکەیت، نابێت ئەم کاتە هەستیار و بەچێژەت لێ زەوت بکەم، چونکە بۆ هەتا هەتایە وەک یادەوەرییەکی جوان لەگەڵتا دەمێنێتەوە".
حەنین وتیشی: "لە دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، زۆربەی گەشتیارەکان وێنەیان لەگەڵ گرتم"