لە لۆریانت و مارسیلیا ڕێپێوانی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو

لە شارەکانی لۆریانت و مارسیلیای فەڕەنسا، بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، بە بەشدارییەکی جەماوەریی ژنانی کورد ڕێپێوان سازکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری لۆریانت، بەشداربووان لە گۆڕەپانی "Place Paul Bert" کۆبوونەوە، دوای چەند وتارێکی کورت، جەماوەرەکە بە دروشمەکانیانەوە بەرەو ناوەندی شار کەوتنە ڕێ. لە ڕێپێوانەکەدا تیشک خرایە سەر مافەکانی ژنان، یەکسانیی ڕەگەزی و تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان. 

 

کوردستانییانی دانیشتووی لۆریانت، ئەندامانی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی مۆربیانت و ئەندامانی بیرکار بەشداریی چالاکییەکە بوون و پشتیوانییان کرد. لە وتارەکاندا ئاماژە بەوە کرا کە ٨ی ئادار تەنیا ڕۆژێکی ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو هێمای ئەو تێکۆشانەی یەکسانی، ئازادی و دادپەروەرییە کە ژنان ساڵانێکە بەڕێوەی دەبەن. هەروەها بانگەواز کرا کە پشتیوانیی ژنان فراوانتر بکرێت. 

 

ڕێپێوانەکە بە داواکارییەکانی وەک بەرچاوخستنی ڕەنجی ژنان، دابینکردنی یەکسانیی ڕەگەزی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ دروشم و پەیامەکانی پشتیوانیدا کۆتایی هات. 

 

مارسیلیا 

لە شاری مارسیلیاش، بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشەوە، هەزاران ژن ڕژانە گۆڕەپانەکان. لەو ڕێپێوانەی کە بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد سازکرا، پەیامەکانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان و پشتیوانی درا. 

 

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی "Canebière" دەستی پێکرد؛ ژنان وێنەی ئەو ژنە کوردانەیان بەرزکردەوە کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە. ڕێپێوانەکە تا "Vieux-Port" کە یەکێکە لە شوێنە هێماییەکانی مارسیلیا بەردەوام بوو. 

 

لە وتارەکاندا ڕاگەیەندرا کە تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد سەرچاوەی ئیلهامە بۆ تەواوی ژنانی جیهان. لە چالاکییەکەدا بانگەوازی تێکۆشان کرا لە دژی توندوتیژی دژی ژنان، سیاسەتەکانی شەڕ و هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان. 

بەرنامەکە بە نمایشی گرووپی فۆلکلۆری ژنانی گەنجی مارسیلیا و بە هەڵپەڕکێ لەگەڵ مۆسیقای کوردیدا کۆتایی هات.