لە کورتەک نەمام بۆ یادی ڕێبەری گەلی کورد چێندرا
لە یادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان نەمام دەچێنرێت، ئەمڕۆش لە چیای کورتەک هەڵمەتێکی نەمام چاندن بەڕێوەچوو.
ناوەندی هەواڵ
لە چیای کورتەک و لە باخچەی ڕێبەر ئاپۆ، بەبۆنەی ٧٢یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، هەڵمەتێکی نەمام چاندن ڕێکخرا و هاوڵاتیانی بناری قەندیل تێیدا بەشداربوون.
لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "لەدایکبوونت پیرۆز ئەی سەرۆک" و "ژن ژیان ئازادی" وترانەوە، لەکۆتایی نەمام چاندنەکەدا هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل ئاواز ئیسماعیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: ٤ی نیسان لە دایکبوونی رێبەری نەتەوەییمان لە هەموو ژنانی و هەموو گەلانی ئازادیخواز پیرۆز دەکەین، ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی پرشنگدارە لە مێژووی مرۆڤایەتی بە تایبەت گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشکخرایە سەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد و تێیدا هاتبوو: دەبێت دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و پیلانگێڕان و ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە دەستیان لە گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی سەر رێبەر ئاپۆ هەیە باش بزانن، کە گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی ڕێبەری نەتەوەییمان و ساڵی ۲۰۲۱ دەکەینە ئازادیی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ.
ت.پ