لە کاتێکدا هەزاران ئەفغانی ناچارن بگەڕێنەوە هۆشدارییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی قووڵترەوە لە ئارادایە

لە کاتێکدا دەیان هەزار ئەفغانی ناچارن لە وڵاتانی دراوسێوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە "کارەساتێکی مرۆیی قووڵتر" لە ئارادایە.

ناوەندی هەواڵ 

 

پەنابەرانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵەنگاری زیاتر دەبنەوە، زۆرێکیان تووشی گەڕانەوەی زۆرەملێ یان گەڕانەوەی نائیرادی دەبن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات و مەترسییەکانی پاراستنیان زیاد دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاڵیبان چەندین سنووردارکردنی بەسەر ژناندا سەپاند. 

  

لە کاتێکدا ئەفغانستان بەردەوامە لە ئەزموونکردنی یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی ئاوارەبوون لە جیهاندا، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە "کارەساتێکی مرۆیی قووڵتر" لە ئەفغانستان لە ئارادایە، دوای ئەوەی دەیان هەزار ئەفغانی ناچاربوون لە وڵاتانی دراوسێوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. 

 

وتەبێژی UNHCR بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ جەختی لەسەر پێویستی دڵنیابوون لەوەی گەڕانەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان بۆ وڵاتەکەیان خۆبەخشانە و سەلامەت و شکۆمەندانەیە، ئاماژەی بەوەدا کە ناچارکردن یان فشارخستنە سەر ئەفغانییەکان ناپایەدارە و دەتوانێت ناوچەکە تێکبدات. 

  

لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتانەی میوانداری ملیۆنان پەنابەری ئەفغانی دەکەن و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە، وتەبێژەکە نیگەرانییەکانی UNHCRی دەربڕی کە ئەو کەسانەی ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان، بەبێ گوێدانە پێگەی یاسایی خۆیان، دەتوانن ڕووبەڕووی مەترسیی پاراستنی جددی ببنەوە. 

 

وتی: نیگەرانییەکان بە تایبەتی بۆ ژنانی ئەفغانستان زۆرن، کە ڕووبەڕووی زیادبوونی سنووردارکردن دەبنەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە کار و خوێندن و ئازادی جووڵە لەناو ئەفغانستاندا، گروپەکانی دیکە کە ڕەنگە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان مەترسییان لەسەر بێت بریتین لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و ئەوانی دیکە. 

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم نیگەرانیانە ڕۆژانە بەهۆی پێویستییە مرۆییە گەورەکان لە ناوخۆی ئەفغانستان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و کارەساتی سروشتی و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا زیاتر دەبن.

 

ڕوونیشی کردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ئەفغانی لە ئێران و پاکستان گەڕاونەتەوە یان دیپۆرت کراون، کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەفغانی بوون. مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٥١ هەزار ئەفغانی لە هەلومەرجی سەختدا لە ئێران و پاکستانەوە گەڕاونەتەوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩٦ هەزار کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە.