لە هەولێر هێرشکرایە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن
ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاویکردەوە، لە هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکرایە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەهۆی کەمی خزمەتگووزاری و پێنەدانی مووچەوە بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ خۆپیشاندان دەستیپێکرد و لە شاری هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان هێرشکرایە سەر پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لەبارەی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لە شاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ لە کاتی ڕووماڵکردنی کێشەی هاوڵاتییان لە کەمی خزمەتگووزاری و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی پەیوەست بەو بابەتە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شارەکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستیان بەسەر کامێرا و ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆکانیان گرت و ڕێگرییان لێکردن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێمە ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر بە پەیامنێر و وێنەگرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە شەرمەزار دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین دەست لە پێشێلکارییەکان هەڵگرن و ڕێز لە کاری ڕۆژنامەنووسان بگرن، هەروەها داوا لە دەزگاکانی جێبەجێکار دەکەین سنووری ئەرکەکانیان نەبەزێنن و لە چوارچێوەی ئەركەكانیان رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی بگرن.