لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لە سوریا ١١٨ ژن کوژراون.

چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا (SOHR) ڕایگەیاند لە هەشت مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا، ١١٨ ژن لە ئەنجامی شەڕ و توندوتیژیی چەکداریدا کوژراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی مەترسییەکان لەسەر گیانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان، توندوتیژی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ساڵانی شەڕ، ژنان لە سوریا باجێکی ڕاستەوخۆ دەدەن. ئەم ڕاستییە لە ئامارەکانی گیانلەدەستداندا دەردەکەوێت کە لە سەرەتای ساڵەوە تۆمار کراون و بەڵگەکان پیشانی دەدەن ژنان لە ناوچە جیاوازەکاندا هێشتا ڕووبەڕووی ڕەوشی مەترسیدار دەبنەوە.

 

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا (SOHR) ڕایگەیاند لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا کۆتایی مانگی ئاب، لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا ١١٨ ژن بەهۆی هێرشی چەکداری، پێدادانی مەزهەبی، دەمەقاڵێی ناوخۆیی و تەقەی بێئامانجەوە کوژراون.

 

داتاکانی (SOHR) بە شێوەیەکی بەرفراوان توندوتیژیی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکەن و دەریانخستووە کە لەڕێگەی پاشماوەکانی شەڕ و توندوتیژیی چەکدارییەوە زۆرێک لە ژنان دەکرێنە ئامانج. چارەنووسی گەلێک ژنیش هێشتا نادیارە، ئەمەش دوای دۆزینەوەی تەرمی شەش ژن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا و گیانلەدەستدانی هەندێکی تر لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا.

بەپێی بەڵگەنامەکان، حەلەب بە کوژرانی ٣٧ ژن لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو شارانەدایە کە زۆربەی ژنانی تێدا کوژراون. لە گوندەوارەکانی دیمەشق ١٧ ژن و لە حومس ئیست ١١ ژن کوژراون. ئاماری پارێزگاکانی تریش بەم شێوەیەیە:

ڕەققە: ٨ ژن

سووەیدا: ٨ ژن

حەسەکە: ٧ ژن

ئیدلب: ٦ ژن

دێرەزۆر: ٦ ژن

لازقیە: ٥ ژن

حەمات: ٤ ژن

دیمەشق: ٣ ژن

دەعا: ٣ ژن

تەرتووس: ٣ ژن

 

مانگی کانوونی دووەم خوێناویترین مانگ بوو

بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن (SOHR)ەوە بڵاوکراونەتەوە، بەپێی مانگەکانی ساڵ، بەرزترین ئامار لە مانگی کانوونی دووەمدا بووە بە کوژرانی ٣٣ ژن. ئاماری مانگەکانی تر بریتی بوون لە:

تەممووز: ١٦ ژن

ئایار: ١٥ ژن

حوزەیران: ١٣ ژن

ئاب: ١٠ ژن

نیسان: ٩ ژن

ئازار: ٧ ژن

 

ئەم ژمارانە دەرخەری ئەوەن کە ژنانی سوریا دەکرێنە ئامانجی ئەم شەڕەی بە ساڵانە بەردەوامە و ڕووبەڕووی چەکی بێچاوەدێری، وێرانییەکانی شەڕ، لێکترازانی کۆمەڵایەتی و توندوتیژیی ناوخۆیی دەبنەوە.

 

بەرپرسێکی (SOHR) جەختی کردەوە، لەکاتێکدا وڵات بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە دەبێت بە ئاسایش و ئارامی بەدی بێت، کوژرانی ١١٨ ژن لە ٨ مانگدا ئەوە دەسەلمێنێت کە کاریگەرییەکانی شەڕ بە وەستانی پەلامارەکان کۆتایییان نەهاتووە و توندوتیژی بە شێوازی جیاواز لەسەر ژیانی مەدەنییەکان بەردەوامە.