لە هەڵەبجە سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی کرایەوە
لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی کرایەوە کە ئامانجیان دەرخستنی توانا و هێزی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆیان.
هەڵەبجە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاری هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی کوێستان محمد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نوێنەری حزبی و حکومی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کردنەوەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەی ڕاگەیەندرا.
لە کۆنگرەکەدا کوێستان محمد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا: ئێمە ئەمڕۆ خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە توانیمان بەردێک بخەینە سەر بەردێک لە بنیادنانەوەی شاری هەڵەبجەدا، ئەم سەنتەرە لە هەریەک لە شاری سلێمانی، هەولێر و ئیدارەی گەرمیاندا بوونی هەیە، پێمان خۆش بوو لە هەڵەبجەشدا بکرێتەوە.
کوێستان محەمەد کاری سەنتەرەکەی خستەڕوو: سودی ئەم سەنتەرانە ئاشنابوونە بە توانا و هێزی کچان و کوڕانی گەنج، تاوەکو بتوانین هەلی کارییان بۆ بڕەخسێنین، لە هەمانکاتدا لە بڕیارماندایە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەینەوە تاوەکو مافی کرێکارانی ئەم شارە دەستەبەر بکەین.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: چەند ئامارێكی جیاجیا هەیە بۆ ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ناتوانین پشت بەهیچ ئامارێكیان ببەستین، تاوەکو ئەوکاتەی سەرژمێرییەكی تەواوی دانیشتووان نەبێت، لە دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی داراییشەوە بێکاری بەرزبووەتەوە و بە سەدان هەزار گەنجمان بێكارن، ئەوەش ڕێژەیەكی مەترسیدارە.

بۆ ئەم مەبەستە کانس کایسەر نوێنەری ڕێکخراوی گیزی ئەڵمانی پشگیری خۆی بۆ پرۆژەکە دووپات کردەوە، بڕیاریشە لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە کارەکانیان بکەن، تا هەلی کار بۆ گەنجانی هەڵەبجە دابین بکەن.
ت.پ