لە دوای ئاوارە بوون دیاردەی خۆکوشتن وەک مۆتەکەیە
لە ماوەی ٢٤ کاژمێردا دوو ژنی ئاوارەی ئیزیدی لە ناو کەمپەکانی دهۆکدا کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.
ناوەندی هەواڵ
لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ شەنگال بە هەزاران هاوڵاتی دانیشتووی شەنگال و دەورووبەری ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوو، سەرەڕای خراپی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناو کەمپەکاندا، هەواڵەکانی خۆکوشتن لەناو کەمپدا دەکەوێتە بەر چاوی بینەر، بە جۆرێک تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢ ژنی گەنج کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ئەسمەهان-ی تەمەن ٢٠ ساڵ، لە کەمپی ئیسیان لە قەزای شێخانی دهۆک بە پەت خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی هێنا، ئەسمەهان لە هاوسەرەکەی جیابۆتەوە و لەگەڵ خێزانەکەی دەژیا، لە ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ شەنگال لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرەوە، ئاوارەی کەمپی ئیسیان بوون لە شارۆچکەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک.
لەهەمان ڕۆژدا ژنێکی گەنجی دیکە بەناوی ئەحلام خێرۆ تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی شارەدێی گرعزێر، لە کەمپی شاریا لە شاری دهۆک خۆی خنکاند، تا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنیان دیار نییە.
ت.پ