لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان دژی داگیرکاری حزبی شیوعی گردبووەوە
دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و لێبڕینی موچە حزبی شیوعی کوردستان لەبەردەم بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گربوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ حزبی شیوعی کوردستان دژی لێبڕینی موچە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بێدەنگی حـکومەت لەبەردەم بینای پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەخت گردبوونەوە و داوایان کرد ڕێککەوتننامەی نێوان عێراق و تورکیا لە بارەی پاراستنی سنورەکانەوە هەڵبوەشێندرێتەوە.
حزبی شیوعی کوردستان یاداشتێکیان بە پەرلەمانتاراندا ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: داواکارین دەستبەجێ ڕێککەوتنامەى نێوان هەردوو دەوڵەتى عێراق و تورکیا لە بارەى پاراستنى سنوورەوە هەڵبوەشێندرێتەوە و پێوستە سنوورێک بۆ لەشکرکێشیەکانى تورکیا دابنرێت و دەبێت لە خاکى هەرێمى کوردستان دەربکرێن، تێکدانى ژینگەى کوردستان و بڕینەوەى دارستانەکان بەپێى پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە پاراستنى ژینگە، بە تاوانى جەنگ ئەژمار دەکرێت و پێویستە پارێزگارى لە سەرچاوە سروشتیەکان بکرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکە باس لە گرتنەوەی ئاوی سیروان و زێی بچوک کرا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە: دەوڵەتى ئێرانیش بەشێکە لەم پێشێلکارییەى بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت و کۆتا ستەمیان گرتنەوەى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمە، کە مەترسى بۆسەر ژینگە و ژیانى هاوڵاتیانى کوردستان دروستکردووە، هەروەها بەهۆى خراپى و ستەمى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستانەوە ڕۆژانە ماف و ئازادییەکان پێشێل دەکرێن و فەرمانبەران و خانەنشینان موچەکانیان زەوت دەکرێت یان بە لێبڕینەوە وەریدەگرن و گەلەکەمان دوچاری نەهامەتی قوڵ بووەتەوە.

لە یاداشتەکەیاندا حزبی شیوعی داوایان کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێست دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان بدات و ڕێگر بێت لە هێرشەکان و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بکەن.
ت.پ