ژنانی ئامەد نەورۆزیان بە ڕۆحی بەرخۆدان ڕازاندەوە
ژنانی نەورۆزی ئامەد ڕایانگەیاند، نابێت گۆشەگیری لەبیربکرێت و ئەوانەی لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەدا بوون نابێت لەبیر بکرێن و داوایان لە خەڵک کرد بیر لەوە بکەنەوە کە چی ڕوویداوە و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان و بەو پێیە دەنگ بدەن.
مەدینە مامەدئۆغلۆ
ئامەد- ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد جارێکی تر نیشانی دا کە ڕۆحی نەورۆز بە واتای بەرخۆدانە بۆ گەلی کورد، ژنان لە نەورۆزدا خەم و پەژارەی خۆیان بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزە دەربڕی و ڕایانگەیاند، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بوونەتە هۆکاری وێرانکاریی بیناکان.
"خەممان هەیە بەڵام لێرەین بۆ بەرەنگاربوونەوە"
خەڵکی ئامەد کە ساڵانێکە سەرەڕای ئازار و چەوساندنەوە، جۆش و ڕەنگی خۆیان لەدەستنەداوە، دوێنێ بۆ ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ڕوویان لە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز کرد دەیانوت: " ئێمە ماتەمینیمان هەیە، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ بەرخۆدان"، خەڵکی دەهاتنە مەیدانەکان و یادی ئەوانەیان دەکردەوە کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا و لەو چالاکییەدا کە چەندین کاتژمێر بەردەوام بوو بۆ ساتێکیش لەبیرنەکران.
لەو ناوچەیە مۆسیقای ماتەمینیش پێشکەش دەکرا، تەنیا وشەی بەرخۆدان و ناڕەزایەتی لە هەموو گۆشەیەکدا هەبوو، ئەو هاووڵاتیانەی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان چوونە ناو گۆڕەپانی نەورۆز، وەک نیشانەی سەرکەوتن دروشمەکانی "ئازادی"یان بەرزدەکردەوە.
لە هێرشەکەی پۆلیسدا ١٦٠ کەس دەستبەسەر کراون
هاوڵاتییان کە جلوبەرگی کوردی و سەرپۆشی زەرد و سوور و سەوزیان لەبەرکرد بوو، هەڕەشەیان لێکرا و ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو ناوچەی دەرەوەی دەروازەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ئاهەنگی نەورۆز، لە گۆڕەپانی نەورۆز لە دڵماندا هەستمان بە ماتەمینی قوربانیانی بوومەلەرزەکە کرد کە گیانیان لەدەستدا، بەربەستێکی پۆلیس هەبوو بە دەوری گۆڕەپانەکە و پێش کۆتایی هاتنی چالاکییەکە سپرای بیبەریان بەسەر گەنجانی ناو گۆڕەپانەکدا ڕشاند، لە هێرشی پۆلیسدا ١٦٠ کەس دەستبەسەر کراون، دایک و منداڵەکێک کە ویسترابوو دەستبەسەر بکرێن، بەهۆی ڕێگریی هاووڵاتییانەوە ڕزگارکران، هەروەها ژنان لە مەیداندا بەڵێنی ئارامی و خەباتیان دەدا.
"بەسە بە کۆیلایەتی"
یەکێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکەی نەورۆز دەڵێت: " هیوادارم ئەم نەورۆزە ئاشتی و برایەتی و ئازادی بهێنێت، ئێمە دەمانەوێت دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە و هەموو مرۆڤەکان وەک خوشک و برا بژین پێکەوە، با ئێستا ئەم کۆمەڵکوژی و خوێنە بوەستێت، ئیتر با دایکەکان نەگرین، ئێمە کوردین، وەک کورد هاتووین بۆ ئەم دونیایە و وەک کورد دەڕۆین، بژی کورد و کوردستان، پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد دەکەم، با گەلەکەمان خۆی بناسێت و لەم کۆیلایەتییە دەربچێت، بەسە دڕندەیی و کۆیلایەتی، دەنگی ئێمە خاک و ئازادی و هەموو شتێکمانە".
"با پێکەوە هەورەکان لاببەین"
دەشڵێت: "بڕوامان وایە لەم هەڵبژاردنەدا دەڕۆن، بانگەواز لە کوردانی بەشەرەف دەکەین با بە ڕووخسارێکی پاکەوە بێن و لەبەردەم خەڵکدا بوەستن، با هەموومان ئەم هەورە ڕەشانە بەسەر منداڵەکانماندا هەڵبگرین و لایببەین، ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەوان دەڕۆن، ئێمە لەگەڵ نەورۆزدا بوونی خۆمان ناسی و لێرە دەبین".
" کاتێک دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە چی ڕوویداوە"
لە کۆتایشدا وتی: " پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکەم و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو هاووڵاتیانە دەکەم کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ئازاری ئەوان ئازاری ئێمەشە، ئەمساڵ بە هەستی خەبات و خۆڕاگری جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، نەورۆز خۆڕاگریی و خەباتە، نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و لە هەموو کوردە بەشەرەفەکان پیرۆز بێت، دەبێت لە هەموو بوارێکدا بەرەنگاری و خەبات بکەین، ئەو خەڵکە لەبیر مەکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ستەمیان لێکرا، کاتێک دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان بیر لەوە بکەرەوە کە چی ڕوویداوە و بەو پێیە دەنگبدە."