قیمەت ئیلگاز لە زیندانی ژنانی باکرکۆی بەهۆی پەرتوکەوە سزای نوێی بەسەردا سەپێندرا
قیمەت ئیلگاز کە لە زیندانی ژنانی باکرکۆی ڕاگیراوە، بە تۆمەتی هەبوونی پەرتوکی"مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراتیک ٢و شارستانیەتی سەرمایەداری" ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بە یەک ساڵ زیندانی سزادرا.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، دوای دۆزینەوەی دوو پەرتوکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەوترێت لە هۆڵی هاوبەشی زیندانەکەدا دۆزراوەتەوە، لە دژی قیمەت ئیلگاز لێکۆڵینەوە دەستیپێدەکات، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە هیچ فەرمانێکی قەدەغەکردن لەسەر ئەو پەرتوکانە بوونی نییە و داواکاری گشتی لە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٤ دۆسیەکەی داخستبوو.
سەرەڕای ئەمەش دیسان قیمەت ئیلگاز بە بیانووی "هێنانی شتومەکی قەدەغەکراو بۆ ناو زیندان" خراوەتە ژێڕ لێکۆڵینەوە. دواتر تۆمەتەکە لەلایەن دادگای تاوانەکانی ٣١ی باکرکۆی دەسەپەێندرێت، هەرچەندە ڕاگەیەندراوە کە هیچ فەرمانێکی قەدەغەکردنی پەرتوکەکە بوونی نییە و بە تاوان دانانرێت، بەڵام پۆلیس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پەرتوکەکە بە مەبەستی "پەروەردەی ڕێکخستنی" بەکارهاتووە، ئەگەرچی لەسەر ئەو بانگەشەیە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو نییە.
بەڵام دادگا سەرەڕای بڕیاری پێشووی هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکان و نەبوونی بەڵگەی سەلمێندراو، بە تۆمەتی هێنانی کەلوپەلی قەدەغەکراو بۆ ناو زیندان سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر قیمەت ئیلگازدا سەپاند.
دواتر قیمەت ئیلگاز و پارێزەرەکانی تانەیان لە سزاکە دا. بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە سەرەڕای تانەدانەکان سزاکەی پەسەند کردەوە. دیسان قیمەت ئیلگاز تانەی لە دادگای دەستووری تۆمار کرد. بەڵام دادگا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە نەداوە.