کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ شەش هەزار و ٤٩٥ کەس بەرز بووەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هرانا، تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەى لە خۆپیشاندانەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون گەیشتووەتە شەش هەزار و ٤٩٥ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران "هەرانا" ڕاپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کورستان و  ئێران بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، لانیکەم شەش هەزار و ٤٩٥ کەس لە هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران کوژراون.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ٣١ پارێزگا،٢١٠ شار و ٦٧٥ شوێنی دیکە خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، لە هەمان کاتدا کۆی گشتیی گیانلەدەستدان شەش هەزار و ٩٤١ کەسە.

 

هرانا باسی لەوەشکردوە، شەش هەزار و ٤٩٥ خۆپیشاندەر، ١٧١ منداڵ و ٦١ کەسی مەدەنی کە خۆپیشاندەر نەبوون بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

 

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەتە  ڕوونکراوەتەوە، کە ٢١٤ سەرباز و هێزی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش کوژراون، جگە لەوەش تا ئێستا ١١ هەزار و ٦٣٠ ڕووداو ڕوون نەکراوەتەوە، کە بەدواداچوون بۆ ڕوونکردنەوەیان دەکرێت.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو ڕووداوانەدا ١١ هەزار و ٢١ کەس بە سەختی بریندار بوون، بە گشتی ٥٠ هەزار و ٩٢١ کەس دەستگیر کراون کە ١٠٩ کەسیان خوێندکارن و ٢٠٧ کەسیان منداڵن.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا دەستگیر نەکراون و دادگایی ناکرێن ١١ هەزار و ٤٧ کەسە.