کەوسەر جیندی خەڵکی حەلەب بەدوای هاوژینە ونبووەکەیدا دەگەڕێت

کەوسەر جیندی کە هاوژینەکەی زیندانییەکی ونبووە لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعس، داوای لێکۆڵینەوەی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زیندانییە ونبووەکان کرد و وتی: ئێمە لە نێوان ساتەکانی هیوا و ئازاردا وەستاو ماینەوە، حکومەتی نوێ وەڵامی هیچ پرسیارێکمان ناداتەوە.

 غوفران هابیس

 

 حەلەب- لە دوای ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ و لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئازیزانی زیندانیان و ژنە زیندانییەکان کە ساڵانێک بوو لە زیندانەکانی ڕژێمدا بوون، بە هیوایەکی زۆرەوە چاوەڕێی بینینی خێزانەکانیان و وەرگرتنی چارەسەری برینەکانیان بوون،  ئەو زیندانیانەی چاوەڕێی ئەوە بوون دەرگاکانیان بکەنەوە و لە زیندانییەکان دەرچوون، دیوارەکانی زیندان تەنها یادەوەری و ئازارەکانیانی لەخۆگرتبوو، تەنها ئەو لاپەڕانەیی ناویان تۆمار کردبوو تێیدا لە شوێنی خۆیان مانەوە، ئەم هیوایە بوو بە حەسرەتێک بۆ دایکان کە چاوەڕوانی منداڵەکانیان بوون و ژنانیش چاوەڕێی هاوژینەکانیان بوون.

 

 لەناو لێپرسینەوە نەکردندا، ئێستا چەتەکانی تەحریر شام هەمان سیناریۆی ستەم و چەوساندنەوە لە سوریا جێبەجێ دەکەن، تەنانەت دوای ئەوەی جۆلانی وەک 'سەرۆکی دەوڵەت' دەستنیشانکرا، دادپەروەری نەکرا، پرسیاری بنەماڵەی زیندانییەکان وەڵام نەدرایەوە، ئەمەش تەنها ئازار و کارەساتەکە زیاتر دەکات و هیواکان بە هەڵواسراویی دەهێڵێتەوە. 

 

 'ئەو ساتە سەرەتای کۆتایی ژیانم بوو'

 کەوسەر جیندی یەکێکە لەو ژنانەی کە ڕێگایان ون بووە، دایکی دوو منداڵە، خەڵکی شاری حەلەبە و تەمەنی ٤٠ ساڵە، هاوسەرەکەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە زۆر بە دیل گیرا، کەوسەر کە چیرۆکە بە ئازارەکەی خۆی باسکرد، سەرەتای قسەکانی بە گێڕانەوەی چیرۆکی دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی دەستپێکرد، کەوسەر باسی لەوەش کرد کە هاوسەرەکەی زیاتر لە ١٠ ساڵە دەستبەسەر کراوە و چیرۆکەکەی بەم قسانە دەستپێکرد ووتی: کاتێک کە دەپەڕێتەوە بۆ ناو لوبنان، بە بیانووی درۆ و بێ هۆکار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە، ئەو ساتە سەرەتای کۆتایی ژیانم بوو، منداڵەکانم لەو کاتەدا بچووک بوون، منیش بە خەیاڵمدا نەدەهات کە تەنیا لەگەڵیان بم، ژیانمان گۆڕا، چارەنووسی هاوبەشەکەم نادیارە، هەمیشە ڕاستییەکانم لە منداڵەکانم دەشاردەوە، دوای گەورەبوونیان ئیتر نەمتوانی بیشارمەوە، بۆیە سەرەڕای ئەو راستییە بە ئازارە، بۆیانم ئاشکرا کرد کە باوکیان زیندانی کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نازانین، بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، هەستم دەکرد بەشێک لە منداڵییان دزراوە.

 

 'ساتێک پڕ لە هیوا و ئازار'

 کەوسەر جیندی باسی لەو ساتە کرد کە دەرگای زیندانەکان کرایەوە و هیواکانی کە ساڵانێک بوو بە شاراوەیی مابووەوە و بەردەوام بوو: کاتێک بیستم دەرگای زیندانەکان دەکرێتەوە و زیندانییەکان ئازاد دەکرێن، ئەو هیوایەی کە ساڵانێک بوو شاردبوومەوە، جارێکی دیکە هەڵگیرسا، من بە هیوا بووم لە نێو زیندانییە ئازادکراوەکاندا گوێم لە ناوی ئەو بێت و منداڵەکەم لەگەڵم وەستابوو، چاوەڕێی بینینی باوکی بووم، لە لایەک هیوای ئەوەم دەخواست بیبینم، لە لایەکی تریشەوە دەترسام نەیبینم، هەرگیز ئەو ساتانەی هیوا و ئازارم لەبیر ناکەم، لە زیندانی سەیدنایا بوو، ئەم زیندانانە بە شوێنی کوشتنی خەڵکیش ناسراون، بەداخەوە هیچ شوێنەواری ئەوم نەدۆزیەوە.

 

 'بە دڕندەیی و بێڕەوشتی مامەڵەیان لەگەڵ کردم'

 کەوسەر باسی لەوەشکرد، کە زۆرجار هەوڵی داوە بارودۆخی هاوژینەکەی بزانێت، بەڵام بێ سوود بووە و وتیشی: کاتێک ڕژێمی بەعس لە دەسەڵاتدا بوو و هاوژینەکەم دەستگیرکرا، زۆرجار هەوڵمدا پەیوەندی بە ناوەندە بەناو ئەمنییەکانیانەوە بکەم و لە بارەی بارودۆخی یان چارەنووسی ئەو بپرسم، هەرجارێک لەلایەن کارگێڕانی ئەو ناوەندانەوە تووشی سووکایەتیکردن بووم، ئەوانیش قسەی نائەخلاقییان بەرامبەر دەکردم، لە ناوەندەکان بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ ڕەوشتانە مامەڵەیان دەکرد، تەنها ویستم چارەنووسی هاوبەشەکەم بزانم، جگە لە هەستکردن بە دڵتەنگی و حەسرەت هیچی ترم بۆ نەدەکرا، کەس یارمەتی نەدەدام و وەڵامی پرسیارەکانمیان  نەدەدایەوە، بێ ئومێد و بێ وەڵام گەڕامەوە لای منداڵەکانم، ئەم دۆخە وەک ئەوە وایە ژیان نەیەوێت دەرفەتێکمان پێبدات بۆ ئاشتی.

 

حکومەتی ئێستا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکومەتی پێشوودا نییە

 کەوسەر جیندی هەروەها حکومەتی نوێی سووریای ئیدانە کرد کە گرنگی بە فایلەکانی زیندانییە ونبووەکان نادات، هەروەک رژێمی بەعس، و بەردەوام بوو لە قسەکانی: من سەرکردایەتی چەتەکانی هەتەشە ئیدانە دەکەم، چونکە وەک حکومەتی پێشوو، هێشتا هیچ گرنگییەکیان بە فایلە ونبووەکانمان نەداوە و هەرگیز هەوڵیاننەدا بزانن کە ئێمە پرسیاری زۆرمان هەیەوە و دەمانەوێت چارەنووسی زیندانییەکانمان بزانین، هەموو هەوڵەکانی من بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هاوسەرەکەم بێ سوود مایەوە و هیچ گرنگییەکیان  بەم کەیسە نەدا، وەک ئەوەی ئێمە تەنها ژمارەیەکی بێ بەها بین، تەنانەت ئەوان هیچ شتێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی بزانن لە کوێن و چۆن کوژراون، ئێمەش تا ئێستا لە ئازاردا دەژین.

 

"پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر بێسەروشوێنەکان بکرێتەوە"

 کەوسەر سیندی بانگەوازی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان دووپاتکردەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من ئەم بانگەوازە ئاراستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم، پێویستمان بە هاوکارییە بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکانمان، پێویستە لێکۆڵینەوەکانیش بکرێتەوە و دەبێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن، مافی زانینی پێگەی زیندانییەکانمان تەنها مافێکی یاسایی نییە، بەڵکو مافێکی مرۆڤە، هەرچەندە هیوای بینینی هاوژینەکەمم لەدەستداوە، بەڵام بڕیارم داوە ڕاستییەکانی چارەنووسی هاوسەرەکەم ئاشکرا بکەم، تەنیا دەمەوێت وەڵامی پرسیارەکانم بدۆزمەوە، لە کوێ بوو، بۆچی گیرا و لە کوێ نێژرا؟  ئەم پرسیارە بۆ من هەمیشە بێ وەڵام ماوەتەوە، بەردەوام دەبم لە هاوارکردن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ ئەوەی هەمووان بزانن گەلەکەمان بە چیدا تێپەڕیوە و لە چیدا ون بووە.