کوردستان کۆچەر: دەستوورێک قبوڵ ناکەین کە بە عەقڵی پیاوانە نووسرابێت

ژنانی کورد لە کۆنفرانسێکدا کە ئەنجامیان دا، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو دەستوورەی لە شام پەسەند کرا، کوردستان کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەپەژە کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد وتی: دەستوورێک قبوڵ ناکەین کە بە عەقڵی پیاوانە نووسرابێت.

ئاڤرین تۆڵهەلدان – ئاڤێستا سۆزدار

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٣ی ئادار کۆنفرانسێکی ژنانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، لەم پڕۆسە نوێیەدا ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی کورد بوو کە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە حکومەتی شام و دەستووری نوێ لە کاردانەوە بە گۆڕانی بارودۆخی سووریا دەربڕی، لەم کۆنفرانسەدا نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، نوێنەری دامودەزگاکانی ژنان، زۆرێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران، هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و زۆرێک لە چالاکاوانانی ژنانی سەربەخۆ ئامادەبوون، بە تایبەتی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)یش لەم کۆنفرانسەدا ئامادە بوون.

 

"ئەم دەستوورە بە عەقڵیەتێکی پیاوسالارەوە قبوڵ ناکەین"

کۆنفرانسەکە بە هەڵسەنگاندنێک بۆ بارودۆخی سیاسی دەستیپێکرد و باس لە پرس و پرەنسیپی گرنگ کرا لە پێناو یەکخستنی هەڵوێستەکان، هەموو ژنان یاسا و ئەو تێڕوانینەیان ڕەتکردەوە کە ڕێگەی بە ژنان نەدەدا لە دەسەڵاتدا بن و پێشنیاری پێویستیان خستەڕوو، هەڵوێستێک بە تایبەتی کە لە کۆنفرانسەکەدا بە توندی دیار بوو، هەڵوێستی یەپەژە بوو.

 

کوردستان کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەپەژە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو بە توندی ناڕەزایی خۆی لە نەبوونی پێگەی ژنان لە دەستووری نوێی سووریا و ڕەتکردنەوەی بوونی ژنان لە هێزەکانی پاراستن دەربڕی و وتی: ٣١ ساڵ خەباتمان لە دوای خۆمان بەجێهێشتووە، لە سایەی ماندووبوونی هەڤاڵانی شەهیدو هەڤاڵانمان کە لە ئێستادا لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ دەکەن، گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژانە، بۆیە لەمەودوا ناتوانین ئینکاری ژن و بوونیان لە گۆڕەپانەکانی خەباتدا قبوڵ بکەین، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەم دەستوورە نوێیە قبوڵ ناکەین، کە بە بیرکردنەوەی پیاوسالاری نووسراوە و سەپێندراوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە و ئەم گفتوگۆیانە دەکەین.

 

"یەپەژە مسۆگەری ژنانە"

کوردستان کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەپەژە ڕایگەیاند کە ئەمە یەکەمین کۆنفرانس و دوا کۆنفرانس نابێت کە تێیدا باس لە مافەکانی ژنان و شوێنی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا بکرێت، جگە لەمەش، زۆرێک لە ژنان بوونی یەپەژەیان وەک بوون و گەرەنتی بوونی خۆیان پێناسە کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ژنان بەبێ پاراستن ناتوانن بژین و تێکۆشان بکەن.