کۆت و بەندی نوێ، تاڵیبان قەدەغەی دەکات ژنان بچنە ناو پارکەکانی کابولەوە
تالیبان لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستانەوە بەردەوامە لە سەپاندنی سنوردارکردنی ناڕەوای خۆیان بۆ سەر ژنان، دوایەمینیان قەدەغەی چوونە ژوورەوەی ژنانە بۆ ناو پارکەکان و باخچەکان
ناوەندی هەواڵ
تاڵیبان سنوردارییەکی نوێی توندی بەسەر ژناندا سەپاندووە و ڕێگریان لێدەکات کە بچنە ناو پارک و باخچە گشتییەکانەوە، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ڕاگەیاندن، تاڵیبان لە ژنانی قەدەغەکردووە بچنە ناو پارک و باخچەکان لە کابولی پایتەخت.
بەم بڕیارە نوێیەی کە ئەم هەفتەیە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆت و بەندە توندەکانی تاڵیبان بۆ ئەوەی ژنان لە فەزای گشتی دەربهێنرێن لە زیادبووندایە، پێشتر تاڵیبان لە ژنانی قەدەغەکردووە کە بەبێ هاوەڵی پیاو بۆیان نییە لەماڵ بچنە دەرەوە، هەروەها ژنانی ناچارکردووە بە پۆشینی حیجاب، زیاتر لەساڵێک خوێندنگەی کچان لەزۆربەی ناوچەکانی وڵات داخرابوون.
محەمەد عاکف سادق موهاجر وتەبێژی وەزارەتی فەرمانكردن بە چاكە و ڕەتكردنەوەی خراپە ئاماژەی بەوەکردوە لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ڕێکخستن و جێگیرکردنی شتەکان و تەنانەت ڕۆژان بۆ ژن و پیاو دیاری بکەن بۆ ئەوەی ڕەگەزەکان تێکەڵ نەبن، بەڵام لە زۆر شوێن یاسا پێشێل کراوە و تێکەڵبوون لە نێوان ژن و پیاودا هەبووە و ڕێز لە دۆخی حیجاب نەگیراوە، بۆیە لە ئێستادا ئەم بڕیارە دراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند مانگێک پێش ئێستا تاڵیبان بڕیارێکی دەرکرد بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە پارک و باخچەکاندا کە ژنان ڕۆژێک دەچنە پارکەکان و پیاوەکان ڕۆژێکی دیکە.