"کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستییان بە بەهێزکردن و پاڵپشتی دەروونی هەیە"

ئەسرا بیهنان تەمەن ٣٨ ساڵ کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، جەختی لە گرنگی بەهێزکردن و گرنگیدان بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردەوە و وتی: خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێویستیان بە بەهێزکردن و پشتیوانی دەروونی هەیە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-ئەسرا بیهنان تەمەنی ٣٨ ساڵە خەڵکی شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، لە قاچ و قۆڵیدا خاوەن پێداویستی تایبەتە، ٩ ساڵ لەمەوبەر بە کردنەوەی فرۆشگەی تایبەت بە خۆی پڕۆژەی ڕازاندنەوەی ئاهەنگ و دیکۆراتەکانی دەستپێکرد، توانی بەهێز بوەستێت بەرامبەر هەموو ئاستەنگەکان.

 

ئەسرا بیهنان لەبارەی چیرۆکەکەی قسەی بۆ کردین.

 

یەکەم هەنگاو بەرەو سەربەخۆبوون

ئەسرا بیهنان ئاماژەی بەوەکرد، لە منداڵییەوە خولیای ڕازاندنەوەی هەبووەو لەو قۆناغەدا بیری لە کردنەوەی پرۆژەکەی نەکردۆتەوە، وتی: لەو ئامێرانەی لە ماڵەوە هەبوون شتەکانم دەڕازاندەوە،  ١٠ساڵ لەمەوبەر دەستم کرد بە کارکردن لەسەر پڕۆژەی مۆم بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، لێرەدا بیری متمانە بەخۆبوون لەدایک بوو و ئازایەتییەکی زۆرم بەدەستهێنا کاتێک لە هونەری ڕازاندنەوەدا بوومە ئافرێنەر، پاشان فرۆشگەم داناو پڕۆژەی خۆمم کردەوە.

 

" لەگەڵ سەرکەوتنەکان، سەختی و دژواریش هەبوون"

ئەسرا وتیشی: بێگومان هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکان، سەختی و دژواریش هەبوون، وەک هەموو هەنگاوێکی ژیانی مرۆڤ، لە ڕووی نەناسینی کارەکانمەوە کێشە هەبوو و لەو کاتەدا پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بیرۆکەیەکی نوێ بوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش هۆکاری لاوازی خواست لەسەر بەرهەمەکانم بوو، بەڵام ئەمە بێزاری نەکردم، چونکە گرنگترین شت بۆ من ئەوە بوو کە لێهاتووییەکانم و بەرهەمەکانم پیشان بدەم.

 

"هیچ جیاوازییەکم لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا نییە، دەتوانم ئافرێنەر بم"

ئەسرا بیهنان تیشکی خستە سەر بارودۆخی تەندروستی و ئەو هۆکارانەی کە ڕێگەیان پێدا باوەڕی بەخۆی هەبێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەتا باری تەندروستیم زۆر خراپ بوو، بەڵام بە چارەسەر باشتر بووم و توانیم پشت بە خۆم ببەستم و کاربکەم، بەهۆی بارودۆخی خۆمەوە، هێشتا ئاستەنگم لەبەردەمدایە و ناتوانم هەموو کارەکان بکەم، خێزانەکەم هاوکارمن، بەڵام چارەسەرەکە توانای ئەوەی پێدام لە زۆر شتدا پشت بە خۆم ببەستم و پڕۆژەی خۆم دروست بکەم، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە من هیچ جیاوازییەکم لەگەڵ کەسانی دیکەدا نییە و توانای داهێنەربوونم هەیە، خێزانێکم هەیە زۆر پشتگیریم دەکەن، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە، باوەڕم بە خۆم پەیداکرد.

 

پاڵپشتی دەروونی و دابینکردنی دەرفەت

ئەسرا بیهنان وتی: پێویستە مرۆڤەکان ئەرێنی بن و بێ دوودڵی بیربکەنەوە، تەنانەت ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەتیش بین، توانامان هەیە و دەتوانین ڕێگاکان ببڕین و بگەینە ئامانجەکانمان، بەداخەوە کۆمەڵگە ترس لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا دەچێنێت، پشتگیری دارایی بە هەمان شێوە گرنگە.

 

ئەسرا بیهنان بەم داواکاریانە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و وتی: ژنان بە سروشتی خۆیان بەهرەمەندن، بۆیە داوا لە ژنان دەکەم داهێنەر بن و لە نیوەی ڕێگادا نەوەستن، هەروەها داواکارم هەموو دەرفەتێک لە دەستی خۆیان بقۆزنەوه و خۆیان پەرە پێ بدەن، هەروەها بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئیرادەی زیاتر پێویستە و نابێت دۆخەکەیان وەک کێشەیەک ببینن و نابێت هەست بە کەمیی بکەن.