کرێکاران لە سەندیکاکانی کرێکاران خۆیان تۆمار نەکردوە
سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان لە لایەنە بەرپرسەکان کرد کە یاساکانی تایبەت بە مافی کرێکاران جێبەجێبکەن، ئاماژەشیان بەوەدا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی خزمەتەوە کرێکارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە ناوی خۆیان لە سەندیکاکەدا تپمار ناکەن.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە، سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە نزیکەی چوار سەد هەزار کرێکار لە کرێکارانی هایپەر ماکۆی شیکاگۆ لە ئەمرێکا بە ئامادەبوونی پیتەر ماکۆس سەرۆکی سەندیکای کرێکاران گردبونەوەیەکیان ڕێکخست و داوای دادی کۆمەڵایەتی و ئابوری و یەکسانی لە هەلی کاریان کرد، بە دروشمی "هەشت کاتژمێر کار، هەشت کاتژمێر نوستن و هەشت کاتژمێر پشوو" بەڵام دەستێکی نادیار بۆمبێکی هەڵدایە ناو کرێکاران و سەدان کرێکار بریندار و شەهید بوون، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایە سەر.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە دۆخی کوردستان کراوە و هاتووە: لە کوردستانیشدا بەهۆی ئەو دۆخی نەخوازراو و قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم وڵاتانی گرتووەتەوە کاریگەری کردووەتە سەر کرێکارانی کوردیش.
لەبەیاننامەکەدا داوایان لە پەرلەمان و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هەرچی زووە بەدەم داوای کرێکارانەوە بچن و ئەرک و مافەکانیان جێبەجێ بکەن، یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ و یاسای ژمارە ٩٣ی ساڵی ١٩٧٠ ڕێکبخەنەوە و ڕەچاوی دۆخی کرێکاران بکەن.
پەیامنێری ژنها لە هەڵەبجە داوای ئامارێکی دروستی کرێکارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەی کرد، لە وەڵامدا ئاماژەیان بەوەدا زۆربەی کرێکاران ناوی خۆیان لە سەندیکادا تۆمار ناکەن، ئەوەی کە هەیە تەنها ۷۰۰ کرێکاری ئەندامن.
سەبارەت بەوەی چەندە گرنگی بە سەلامەتی گیانی کرێکاران دراوە، وتیان ئەوەندەی خاوەنکارەکان گرنگی بە باشی کاری حۆیان دەدەن گرنگی بە سەلامەتی کرێکار نادەن تەنانەت کەلوپەل و پێداویستییەکانیش دەبێت کرێکاران خۆی بیکڕێت.
بەپێی ئامارەکانیش لەمساڵدا یەک کرێکار لە ناحیەی سیروان بووەتە قوربانی کە دانیشتووی سلێمانی بووە.
ت.پ