کۆنگرەی ژنان لە بەرازیل: ژنان ڕێکخستن و یەکگرتوویی نێونەتەوەیی بەهێزتر دەکەن

سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی "CONAQ "ی کویلمۆمبۆلا کە لە بەرازیلیای پایتەختی بەرازیل بەڕێوەچوو، سەدان نوێنەری نێونەتەوەیی کۆکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کۆردیناسیۆنی نەتەوەیی کۆمەڵگەکانی کویلۆمبۆلا "CONAQ" کە لە نێوان ١١-١٤ـی حوزەیران لە بەرازیلیا بەڕێوەچوو، کۆتاییهات، زیاتر لە ٦٠٠ نوێنەر لە وڵاتەکەوە بەشدارییان کرد، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنان، تێکۆشانەکان بۆ خاک، سەربەخۆبوونی ئابووری و یەکگرتنی نێونەتەوەیی کرا.

 

"CONAQ" کە لە ساڵی ١٩٩٦ـدا دامەزرا و ئەمڕۆ لە ٢٤ دەوڵەت نوێنەرایەتیی زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کۆمەڵگەی کویلۆمبۆلا دەکات، وەکو یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکان کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ڕەشپێست دەکات لە بەرازیل، درێژە بە کارەکانی دەدات. تێکۆشانی ڕێخراوی ژنان بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنانی CONAQ  لە ساڵی ٢٠١١ـدا گەیشتە قۆناغێکی نوێ.

 

لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا، قسە لەسەر پاراستنی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤی ژنانی کویلۆمبۆلا کرا و هەڵسەنگاندن بۆ تێکۆشانی ٣٠ ساڵەی CONAQ  کرا. ماریا ڕۆزالیا لە پانێڵەکەدا قسەی کرد و باسی لە گرنگیی تێکۆشان بۆ ناسنامە کرد و وتی: بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، دەمانگوت ئێمە کویلۆمبۆلایی نین. بۆ ئەوەی  لەسەر پێ بمێنینەوە پێوستبوو یادەوەریمان بشارینەوە. بەڵام ئێستا بۆ بەرخۆدان پێویستە هەموو ئەو زانینانەی لە دەستماندایە، بگەیەنینە کۆمەڵگەکانی خۆمان.

 

لە دووەم ڕۆژدا، لەسەر قەیرانی ئاووهەوا و ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی خاکی خۆیاندا قسەکرا. وەزیری یەکسانیی نەژادیی بەرازیل ڕەیچل بارۆس، باسی لە ئەزموونی تێکۆشانی ژنانی کویلۆمبۆلا کرد و وتی: پێویستە ڕێکخستنیان بەهێز بکەن بۆ ئەوەی خاکەکەیان بپارێزن و دژی قەیرانی ئاووهەوا بەرەنگاری بکەن. خاوەندارێتیکردن لە مێژوو، گرنگە بۆ پاراستنی داهاتوو.

 

لە پانێڵێکدا لەسەر تێکۆشانی نێونەتەوەیی، زۆرێک لە نوێنەرانی ئەمریکای لاتین و کاریبی قسەیان کرد. لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی یەکگرتوویی لەگەڵ گەلاندا کرایەوە کە لە ناوچەی جیاوازی جیهان تێدەکۆشن، بە تایبەتی لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کورد. گرنگیی بنیادنانی تۆڕە نێونەتەوەییەکان لە نێوان ژناندا ئاماژەی پێکرا.

 

لە ڕۆژی سێیەمی کۆنگرەکەدا، نوێنەران بەسەر ١٥ گرووپی کارکردندا دابەشکران بۆ ئەوەی قسە لەسەر مژارەکانی وەکو ڕزگاریی ژنان، پاراستنی ژینگە، ڕۆڵی گەنجان، سەربەخۆبوونی ئابووری، سەروەریی خواردن و یەکگرتنی نێونەتەوەیی بکەن.

 

ئەزموونی ڕێکخراوەیی کۆمۆناڵی تەڤگەری ئازادیی کوردیش لە وۆرکشۆپی یەکگرتنی نێونەتەوەییدا قسەی لەسەر کرا.

 

لە کۆڵۆمبیا نوێنەری PCN لوز ماری کاردۆنا تیشکی خستە سەر خاڵە هاوبەشەکانی تێکۆشان لە سەرانسەری جوگرافیا جیاوازەکاندا و وتی: لە کوردستان، کۆڵۆمبیا و هۆندوراس، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی شەڕ بریتییە لە داگیرکردنی خاک. پێویستە ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان لە پاراستنی خاکدا بکەینە یەک.

 

لە دواهەمین ڕۆژی کۆنگرەکەدا، ئەنجامی گرووپەکانی کارکردن هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و دوایین ڕاگەیاندراو پەسەندکرا. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئامانجەکانی بەهێزکردنی ژینگەی سیاسی و ئابووریی ژنان، پاراستنی پێکهاتە کۆلەکتیڤەکانی کۆمەڵگەکان و بەرفراوانکردنی کۆردیناسیۆنی نێونەتەوەیی خرایە ڕوو.

 

ئامادەبووان، تیشکیان خستە سەر پێویستیی ڕێکخراوێکی بەهێزتر دژی سیاسەتی فاشیستەکان و کۆنپارێزەکان کە لە فراوانبووندان. کۆنگرە چوار ڕۆژییەکە بە چالاکییە کەلتوورییەکان و پەیامەکانی یەکگرتن بۆ کۆمەڵگەی ڕەشپێست، کۆتاییهات.

 

کۆمەڵەی ژنانی CONAQ، جارێکی تر پێداگریی خۆی لەسەر بەردەوامیی کارکردن لە قۆناغی نوێدا بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ژنان و پێشخستنی ڕێکخراوی ئابووری-سیاسیی کۆمەڵگەکان ڕاگەیاند.