کۆنگرەی ستار: بێدەنگی هاوکارییەکی قبوڵنەکراوە
کۆنگرەی ستار کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی لە سیرین و زرگان و عەین عیسا شەرمەزار کرد و داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد و وتی: بێدەنگی بەشداریکردنە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە و هاوکارییەکی قبوڵنەکراوە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ەو هێرشانەدا دەوڵەتی تورک تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و ١٨ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، ئەو کۆمەڵکوژییەی دوێنێ لە شاری سیرین ڕوویدا، ١٢ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی لە سیرین، زرگان و عەین عیسا شەرمەزار کرد.
کۆنگرەی ستار جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تاوانە قێزەونانە ڕووداوی تاکەکەسی و هەڕەمەکی نین، بەڵکو بەشێکن لە زنجیرەیەک پێشێلکاری سیستماتیکی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا دژی گەلی سووریا، ئەم کردەوانە پێشێلکردنی هەموو پێوەر و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
"بێدەنگی بەشداریکردنە لەم کارانەدا"
کۆنگرەی ستار سەرنجی بۆ بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕاکێشا و وتی: لەم چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بیردەخەینەوە کە بێدەنگییان بەرامبەر بەو تاوانانە وەک بەشداریکردن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە سەیر دەکرێت و ئێش و ئازاری مرۆڤە بێتاوانەکان زیاد دەکات و هاوکارییەکە کە لەڕووی ڕەوشتی و یاساییەوە قبوڵ ناکرێت.
کۆنگرەی ستار داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەخێرایی هەنگاو بنێن، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنن، هاوڵاتی مەدەنی بپارێزن.