کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لە ڕۆما: پێویستە هەڵمەتی ئازادی مەزنتتر بکرێت

ئەمڕۆ لە ڕۆما، 'کۆنفرانسی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری نێوەنەتەوەیی بۆ پرسی کورد' دەستیپێکرد. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ مۆرکی خۆی لە دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە دا.

ناوەند هەواڵ-ئەمڕۆ هەینی١١-٤-٢٠٢٥ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە بە بەشداری کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی ئیتاڵیا (CGIL) دوو ڕۆژان لە ناوەندی کۆنگرەی فرێتانی بەردەوام دەبێت. زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە وڵاتە جیاوازەکانەوە کە پشتیوانی لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد' دەکەن، تێدا بەشدارن.

 

پێش دەستپیکردنی کۆنفرانسەکە موزیک و کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجاڵان پێشکەش کرا. کۆنفرانسەکە لەلایەن یڵماز ئۆرکام لە نووسینگەی ئینفورماسیونی کوردستان و ساڵڤاتۆرا مارا سەرۆکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی یەکێتیی CGILی ئیتاڵیا دەستی پێکرد.

 

لە سەرەتا یڵماز ئۆرکام  ئاماژەی بە گرنگی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کرد و وتی:"بە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی و هەڵمەتی نێونەتەوەیی پێشکەوتنی نوێ هاتووتە پێشەوە. تێکۆشانی گەلی کورد و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە و ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەوڵی چارەسەریدایە."

 

"بەردەوام دەبین لە بەرگریکردنی دیموکراسی"

 دواتر سالڤاتۆرا مارا سەرەڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، سەرنجی بۆ پاراستنی دیموکراسی لە ئیتاڵیا، ئەورووپا و هەموو جیهان ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە یاسای نوێ بۆ بەهێزکردنی ئۆتۆکراسی و دیکتاتۆریەت دەنووسرێت. ئەوان ٨٠ هەمین ساڵوەگەڕی ڕزگاری لە فاشیزم لە ئیتالیا پیرۆز دەکەن، دەبێت لەوبارەوە تێکۆشان گەورەتر بکرێت."

 سالڤاتۆرا مارا ڕایگەیاند کە ئەوان لە پاراستنی دیموکراسی بەردەوام دەبن و وتی:"دەبێت لە ڕیفراندۆمی ٩ی حوزەیران بە شێوەیەکی بەهێزتر دەنگەکانمان لە دژی ڕاستڕەوەکان بەکاربێنین. بۆیە بەردەوام دەبین لە کۆکردنەوەی گەل. ئێمە گەل بۆ دۆزی شکۆمەند وەک دۆزی کورد کۆدەکەینەوە، باوەڕمان بە زۆرینەیە. هەروەها ئێمە بەدوای چارەسەری سیاسیدا دەگەڕێین بۆ پرسی کورد. ئەمڕۆ مرۆڤەکان بە بۆمب دەکوژرێن و ئێمە چارەسەرێکی سیاسیمان بۆ ئەم پرسە دەوێت.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند

سالڤاتۆرا مارا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردە ڕاستڕەوەکان کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەنە ئامانج و وتی:"دەبێت ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بین و لەوێ هێزی خۆمان بەکاربهێنین، هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ دانپێدانانی فەلەستین و سەرکەوتین، دەبێت لەم تێکۆشاندا بەردەوام بین. دەبێت ببینە دەنگی ئەو کەسانە کە لە ئەستەنبوڵ دژی ئەردۆغان ناڕەزایەتی نیشان دەدەن. سەرۆکی IBB دەستگیرکرا، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانیش لەژێر فشاردان هێشتا لە زۆر شوێنی جیهان توندوتیژی بەردەوامە. ئێمە پشتگیری و خاوەنداری خۆمان لە بانگەوازییەکەی ئۆجالان پێشکەش دەکەین، کاتێک سەرکردەکانی جیهان بانگەوازی توندوتیژییان کرد، ئۆجالان بانگەوازی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند."

 

"پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئۆجالان ببەخشرێت"

ماسیمیلیانۆ سەمیریگلیو، ئەندامی ئەنجومەنی شاری ڕۆما لە کۆنفرانسەکەدا جەختی لە بەردەوامی پشتیوانی لە گەلی کورد کردەوە و وتی: "ئۆجالان پارادایمێکی گرنگی لە دژی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوە پێشکەش کردووە. پارادایمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک هەموو گەلان، ژنان و کەسانی هەژار دەپارێزێت. ئەمریکا باس لە ئازادی دەکات، بەڵام لەوێ دیمۆکراسی بوونی نییە. بەڵام ئۆجالان دەڵێت 'هەم دیموکراسی و هەم ئازادی' ئەمە زۆر گرنگە. بزووتنەوەی ئازادی و ئۆجالان هەنگاوێکی سیاسی نوێیان خستۆتە ڕوو و لەسەر بنیاتنانی دیموکراسی گفتوگۆ دەکەن. ئەم بانگەوازە زۆر گرنگە و هیوادارم وەڵامی بدرێتەوە. لە ڕوانگەی منەوە پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئۆجالان ببەخشرێت."

 

"بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت"

پرۆفیسۆر کاریان وێسترهایم بە نوێنەرایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە پشتگیریان لە هەڵمەتەکە کردووە، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: "شانازی دەکەم کە لێرەم، هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد، کاریگەری زۆری داناوە، لەگەڵ ئەو چالاکیانەی ئەنجامدران و ئەو گوشارە کۆمەڵایەتیانەی کە بەڕێوە چوو، لانیکەم گۆشەگیریی سەپێنراوی لە ئیمرالیدا تێکشکاند و عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا بانگەوازییەکی مێژوویی راگەیاند. هیوادارین ئەم پرۆسەیە بۆ ئاشتی بەردەوام بێت و پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئێمە وەک کەسانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەم بانگەوازییە ڕادەگەیێنین. جارێکی تریش ڕایدەگەیەنین کە دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئێمە وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی جارێکی تر پشتیوانی خۆمان لە بانگەوازییەکە و ڕێنماییەکان ڕادەگەیەنین و دەڵێین دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و ڕۆڵی خۆی لە بەدیهێنانی ئاشتیدا بگێڕێت."

 

"پێویستە هەڵمەتی ئازادی بەرفراوانتر بکەین"

سیمۆن دابینس، ئەندامی سەندیکای UNITE ی بەریتانیا، بە هەڵگرتنی وێنەیەکی رێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەو کە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کردووە و وتی:"ئەمە پرۆسەیەکی زۆر هەستیارە. زۆر گرنگە کە بەردەوام بین لەم هەڵمەتە. ئەم تێکۆشانە هەتا گەیشتن بە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێ بەردەوام بێت. هەروەها هەڵمەتەکەمان لە بەریتانیا بەردەوامی دەبێت."

 

سیمۆن دابینس هەروەها ڕایگەیاند: "دەبێت ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بەدی بهێنین. پێویستە ئەم هەڵمەتە بەرفراوانتر بکەین. ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان خەونێک بوو، بەڵام ئێستا وەک ئەگەرێکی گرنگ باسی لەسەر دەکرێت. ئەمەش گۆڕانکاریەکی زۆر گرنگ و جدییە. هێرشەکان بۆ سەر دیموکراسی لە تورکیە بەردەوامن. دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت ئاڵۆزتر دەبێت و لە هەموو شوێنێک شەڕ هەیە. هەروەها تێکۆشانی کورد بۆ ئازادی هاوشێوەی تێکۆشانی سەندیکاکەمانە. بیرۆکە و بەهاکانی گەلی کورد و فەلسەفەی ژیانمان زۆر لەیەک نزیکن. ئێمە هاوتەریب لەگەڵ گەلی کورد بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی ئازادی."

 

 زوبەیدە زومرود، یەکێک لە وتەبێژانی هەڵمەتی ئازادی، داوای لە هەموو لایەک کرد کە پشتیوانی لە هەڵمەتەکە بکەن و وێڕای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هەڵمەتەکە، جەختی لە بەرفراوانکردنی تێکۆشان بەگوێرەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە.

 دکتۆر گیسێلا پێنتکر لە IPPNW ئەڵمانیا و فایهر ئاریس لە MIGRANTE سەرپەرشتی یەکەمی پانێڵی کۆنفرانسەکەیان لە ئەستۆ گرت.