کۆنفرانسێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەلایەن خوێندکارانەوە ئەنجامدرا

لە سیمینارێکدا کە لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکارەوە ڕێکخرابوو، باس لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ڕووی یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەرووینەوە کرا، چەند چالاکییەکی هونەریش پێشکەش کرا.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی لەلایەن قوتابیانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی سەر بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی دەستەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی کۆنفرانسیکیان بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدا.

 

لە کۆنفرانسەکەدا سەرەتا لەلایەن پرژە سەعدی، گۆرانیبێژ گۆرانییەک پێشکەشکرا، دواتر لەلایەن کنێر عەبدوڵا، نوسەر و چالاکوانی بواری ژنان لەبارەی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژنان، شۆخان حەمە ڕەشید، پارێزەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هاوریکاری یاسایی بۆ ژنان لەبارەی جۆرەکانی توندوتیژی، فریشتە کەوە، دەروونناس لەبارەی توندوتیژییە دەروونییەکان وهۆکاری ئەنجامدانی توندوتیژییەکان وتارییان پێشکەش کرد.

 

دواتر لەلایەن دییە سەلام سەماکاری بالێ و شانۆکار، سەمایەک لەبارەی ئازارەکانی ژنێک پێشکەشکرا، هاوکات لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا کاری دەستی ژنانی گەنج خرایە بەرچاوی ئامادەبووان.

 

مینۆ نەجمەدین، ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی دەستەی خوێندکارنی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی، هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەیان وەک هەوڵێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان گەڕاندەووە، "ئێمە لە کۆمەڵگەیەکین کە پیاوسالارە و تا ئێستاش توندوتیژی زۆر بەرزە لە کۆمەڵگاکەمان، توندوتیژی دەروونی زۆر زیاد زیادیکردووە، کە هەندێک جار ژنان خۆشیان نازانن کە توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر دەکرێت".

 

ئامانجیشیان لە کۆنفرانسەکە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە لە توندوتیژییەکان کە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی دەستەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی لە ١٢٩ وڵاتی جیهان هەیە، ڕێکخراوێکی ناحکومی و قازانج نەویستە، هەر وڵاتێک ئەندامی و پەرلەمانی تایبەت بە خۆی هەیە، لە ساڵی ٢٠١٠ هاتووەتە هەرێمی کوردستان لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ئەندامی هەیە.

 

ت.پ