کۆنفڕانسێک لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە گەرمیان ئەنجامدرا

لە کۆنفڕانسێکدا لە ڕووی دەوونی، کۆمەڵایەتی و یاساییەوە باس لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کرا، بەپێی ئامارەکانیش تەنها لە گەرمیان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا ٦ هەزار توندوتیژی تۆمارکراوە، لە ١٠ مانگی ڕابردووشدا ٩٦٨ توندوتیژی تۆمارکراوە.

گەرمیان

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی سوڵتان لە گەرمیان کۆنفڕانسێک لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و لێکەوتەکانی لە کۆمەڵگا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لو گەرمیان ئەنجامدرا.

 

لەسەرەتای کۆنفڕانسەکەدا وتاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانن و خێزان لەلایەن عەمید ئەحمەد نوری خوێندرایەو، دواتر لەلایەن لاڤە محەمەد وتاری ڕێکخراوی خانزاد خوێندرایەوە، لەلایەن ئەیوب حسێن وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە لە گەرمیان وتاری بەڕێوەبەرایەتییەکە خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئەمساڵ شەش هەزار توندوتیژی لە گەرمیان تۆمارکراوە.

 

دواتر پانێڵێک بە بەشداری نوری سەعید دادوەر داواکاری گشتی لە گەرمیان، لوقمان ساڵح مامۆستای زانکۆ، فرمێسک جاف چارەسەرکاری دەروونی دەستیپێکرد. لە پانێڵەکەدا نوری سەعید وەک داواکاری گشتی لە ڕووی یاسایی باس لە کێشەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کرا، کە یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە ناتواندرێت بەڵگەی پێویست بەدەست بهێندرێت بۆ سەلماندنی بەڵگەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.

 

د.لوقمان ساڵح باسی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئەو جیهانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کرا کە جیاوازە لە جیهانی ڕاستەقینە، لەلایەن فرمێسک جاف باس لە ڕووی دەروونی و هۆکاری ئەو تاوانەکرا، کە ئەو کەسەی تاوانەکەی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت هەندێک جار بۆشایی دەروونی هەیە و لەلایەن خێزانەکانەوە پاڵپشتیان نییە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پەنا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەن و بۆیە ڕووبەڕووی ئەو تاوانەنە دەبنەوە.

 

دواتر گفتوگۆ لەنێوان ئامادەبووان و بەشداربووانی پانێڵەکە ئەنجامدرا. لە کۆتایشدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئامارەکانی ١٠ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ خرایەڕوو، بەپێی ئامارەکان حاڵەتێکی کوشتن، حاڵەتێکی خۆکوشتن، چوار سوتان، دوو خۆسوتان، شەش حاڵەتی سێکسی و ٩٥٤ سکاڵا تۆمارکراوە، کۆی گشتی ٩٦٨ توندوتیژی تۆمارکراوە.

 

ئەیوب محسین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی گەرمیان ڕایگەیاند هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووریەکان و دۆخی سنورەکە هۆکارن بۆ زیادبوونی ئامارەکانی توندوتیژی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

 

فێنک کەمال بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی خانزاد بە ژنهای ڕاگەیاند لەم ساڵدا تاوانە ئەلیکترۆنییەکان زیادیان کردووە، لەپێناو هۆشیارکردنەوەی تاکەکاندا لەو تاوانە ئەم کۆنفڕانسەیان ئەنجامداوە.