کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان، تاوانێکی دیکەی دەوڵەتی تورکیا

لە کۆمەڵکوژی گەلی زیلاندا، ٤٤ گوند سوتێنران، بەپێی ئامارەکان ٥٣ هەزار کەس کۆمەڵکوژکران، هەتا ئێستاش دەنگی هاواری دایکان و منداڵ لەو دۆڵەدا دێت و مێژوویەکە لەبیرناکرێت و هەمیشەش بەسەر کورداندا دووبارە دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆڵی زیلان لەنێوان ناوچەکانی ئەردیش و گیادینا وان بەرەو چیاکانی عەلیداخ درێژ دەبێتەوە، دۆڵێکی فراوانی هەیە، ڕووباری زیلانی پێدا تێپەڕدەبێت، لە دەوروبەری ڕووبارەکە ١٨٠ گوند هەیە، شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکە هەتا ئێستا خێڵایەتییە و زۆربەی خێڵەکانی وەک ئادمان و سیپیکان و زیلان و حەسەنان دەستباڵان تێیدا.

 

لە ١٢ی تەمووزی ١٩٣٠ بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی کاتی تورکیا، ئیسمەت ئینونۆ، بڕیاری کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان درا، بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە"وە لەشکرێکی زۆری تورک چوونە گوندەکان و گوندنشینانیان ڕاگواست و گولـلەبارانیان کردن، ژیان و ماڵ و تەنانەت سروشتیشیان تێکدا و ٤٤ گوندی ناوچەکەیان سوتاند.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامە فەرمیەکانی تورکیا، ١٥ هەزار کەس، بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی ڕوسیا ٥٣ هەزار کەس و بەپێی قسەکانی حەسەن سەردی لە شەڕەکەدا ٤٧ هەزار کەس ژیانیان لەدەستداوە، دوای گولـلەبارانەکەش سەربازەکان بەناو تەرمەکاندا دەگەڕان و بریندارەکانیان دەکوشت، سەربازەکان هەفتەیەک لەناو تەرمەکاندا مانەوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک زیندوو بێت بیکوژن.

 

دوای کۆمەڵکوژییەکە، سروشتی ناوچەکە خەمباری پێوەدیار بوو، خەڵک هێشتا دەنگی ئەو دایکانە دەبیستن کە باوەشیان بۆ پاراستنی منداڵەکانیان دەکردەوە و ئەوانەی ڕزگاریان بوو مەرگیان بە چاوی خۆیان بینیوە.

دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵی کۆمەڵکوژکردن و شاردنەوەی ئەو ڕووداوانەی داوە کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بۆ ئەوەی ڕووباری زیلان ئێسک و پروسکی کوژراوان ڕانەماڵێت و بەدەرکەوێت، لە ساڵی ١٩٧٨-١٩٩٢ بەنداوی قۆچکۆپری لەسەر ڕووباری زیلان دروستکرد، تا ئێسک و پروسکەکان ژێر ئاو بکەون.

کۆمەڵکوژکردنی کوردان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەتا ئێستا بەردەوامە.

 

ت.پ